کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و بریتانیا جێگری فەرماندەی سپای قودسیان خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

12:00 - 9 رەشەمه 2723

ئەمریکا و بریتانیا لە هەنگاوێکی هاوبەشدا، محەممەدڕەزا فەلاحزادە، جێگری فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارانیان تەحریم کرد، هاوکات بریتانیا سێ یەگانی سپای قودسی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە هەنگاوێکی هاوبەشدا لەگەڵ بریتانیا گەمارۆی بەسەر محەممەدڕەزا فەلاحزادە جێگری فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداراندا سەپاندووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا هەروەها ڕایگەیاندووە، ئیبراهیم ئەلناشری ئەندامێکی حوسییەکانی یەمەن و هەروەها دوو شیرکەتی تۆمارکراو لە هۆنگ کۆنگ و دوورگەکانی مارشاڵ خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەم دوو شیرکەتە خاوەنی کەشتییەکن  کە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی ئێرانی بۆ چین و فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانە بۆ بەرژەوەندیی حوسییەکان و سپای قودس بەکارهاتوون.

بەپێی ئەم بەیاننامەیه، ئەم دوو شیرکەتە به ناوی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زیاتر له ١٠٠میلیۆن دۆلار کەلوپەلی ئێرانییان بۆ شیرکەتە بازرگانییەکان له چین ناردووه .

هاوکات لەگەڵ ئەمریکا، بریتانیاش ڕایگەیاند کە جگە لە محەممەدڕەزا فەلاحزادە، ئەم وڵاتە سێ یەگانی سپای قودس، سەعید جەماڵ، سەرمایەداری دانیشتووی ئێران و عەلی حوسێن بەدرەدین ئەلحوسی، جێگری وەزیری نێوخۆی حوسییەکانی خستووە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

لەم بەیاننامەیەدا کە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، دەیوید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندووە، هێرشی حوسییەکانی سەر بە ئێران "قبووڵنەکراو و نایاسایین و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی کەسانی بێتاوان و ئازادیی کەشتیوانین.

جێگەی ئاماژەیە کە بریتانیا هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ گەمارۆی خستووەتە سەر کەس و  دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران.