کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان دەڵێن بە کۆتاییهاتنی شەڕی غەززە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان ڕادەگرن

12:03 - 9 رەشەمه 2723

محەممەد عەبدولسەلام، وتەبێژی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن ڕایگەیاند کە هەتا ئیسرائیل کۆتایی بە بوردومان و گەمارۆدانی کەرتی غەززە نەهێنێت، هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور ڕاناگیرێت.

عەبدولسەلام ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەیکە ئایا ئەگەر ئاگربەست لە غەززە ئەنجام بدرێت، هێرشەکان بۆ سەر کەشتیەکان ڕادەگرن، وتی ئەگەر گەمارۆدانی غەززە کۆتایی پێ بێت و هاوکارییە مرۆییەکان بە ئازادی بچێتە نێو ئەم لێوارە، هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخەکە دەکەینەوە.

لە دوای دەسپێکی شەڕەی غەززەوە حوسییەکان دەیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و دەریای عەرەب، کە پێیان وایە پێوەندییان بە بەندەرەکانی ئیسرائیلەوە هەیە یان بەرەو بەندەرەکانی ئیسرائیل دەڕۆن.

لە مانگی دێسامبرەوە واشنگتۆن هاوپەیمانییەکی دەریایی نێودەوڵەتیی بە ئامانجی پاراستنی کەشتیوانیی دەریایی لە ناوچەی ستراتێژیکی دەریای سووردا کە ١٢ لەسەدی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، پێک هێنا.وە

لەو ڕاستایەدا، هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ کشاندنەوەی حوسییەکان، لە سێ شەپۆلدا هێرشیان کردە سەر بنکەکانی حوسییەکان و لەم ڕاستایەشدا ئەرتەشی ئەمریکا چەندین جار هێرشی کردە سەر مووشەکەکانی حوسییەکان کە بۆ هێرشکردنە سەر دەریای سوور ئامادە کرابوون.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەو وڵاتە ڕۆژی دووشەممە سێ بەلەمی بێسەرنشینی پڕ لە تەقەمەنی و دوو مووشەکی کڕووز و دڕۆنیکی خۆتەقێنیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن تێکشکاند کە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور بوون.