کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی بایدێن بۆ پەسەندکردنی بوودجە و ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراین و ئیسرائیل

12:12 - 9 رەشەمه 2723

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا و کاماڵا هەریس جێگری سەرۆککۆماری ئامریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی کۆماریخوازەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی دێموکراتەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆماریخوازەکان و هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی زۆرینەی دێموکراتەکانی مەجلسی سێنا لەبارەی پەسەندکردنی بەپەلەی ناردنی هاوکاری بۆ وڵاتی ئۆکراین و ئیسرائیل دیداری کرد.

جۆ بایدێن لەو دیدارەدا لەگەڵ ڕێبەرانی هەر دوو حیزبی یاسادانەر لە مەجلیسی ئەمریکا داوای کرد کە بە زووترین کات بوودجەی هاوکاری بۆ ئۆکراین پەسەند بکرێ چونکە لە ئێستادا ئەو وڵاتە لە دۆخێکی خراپدایە و لەگەڵ کەمیی کەرەستەی نیزامی بەرەڕوویە و توانای وڵامدانەوەی هێرشی ڕووسیەی نییە و پێویستی بە هاوکارییە.

جۆ بایدێن باسیشی لەوە کرد کە دەبێ ئەو بوودجەیە کە بەشێکی بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەبێ  بە زووترین کات پەسەند بکرێ چونکە ئیسرائیلش پێویستی بە کەرەستەی نیزامی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە تا بتوانێ خاکەکەی لە بەرانبەر هێرشەکان بپارێزێ.

گەڵاڵەی ٩٥ میلیارد دۆلاری بۆ ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراین، ئیسرائیل و هاوپەیمانانی لە ناوچەی زەریای ئارام و هیند بە ٧٠ دەنگ لە مەجلیسی سێنا پەسەند کراوە، بەڵام کۆماریخوازەکان کە زۆرترین کورسیان لە مەجلیسی سێنا هەیە تا ئێستاش ئەو گەڵاڵەیان بە فەرمی پەسەند نەکردووە.