کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵوەشاندنەوە و کەمکردنەوەی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران نەداوە

12:26 - 9 رەشەمه 2723

ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٩ ڕەشەمە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، جەختی لەسەر گەمارۆ نوێیەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە دژی جێگری فەرماندەی سپای قودسی پاسداران و چەند دۆسییەیەکی دیکە کردەوە.

جان کێربی، وێڕای ئاماژەکردن بە گەمارۆ نوێیەکان بۆ سەر بەشێک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی لە ئێران ڕایگەیاند، هیچ نیاز و پلانێکمان بۆ هەڵوەشاندنەوە، لێخۆشبوون و کەمکردنەوە، سەبارەت بە گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران نییە.

ناوبراو زیادی کرد، تا ئێستا حکوومەتی بایدێن زیاتر لە ٥٥ گەمارۆی جیاوازی بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاندووە و زیاتر لە ٥٥٠ کەس و دامەزراوەی کردووەتە ئامانج.

بە وتەی ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە، ئەو گەمارۆیانە لەسەر بنەمای ئیدیعای پەیوەست بە مافی مرۆڤ، توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران دامەزراون.

جان کێربی، گەمارۆ نوێیەکانی بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ دارایی چالاکییە تیرۆریستییەکان و پێشگرتن لە کردەوەکانی حوسییەکان دژ بە کەشتیوانی لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان ناو برد و باسی هاوکاریی ئەمریکا و بریتانیای لەو بوارەدا کرد.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند، سپای قودسی پاسداران کۆگای چەکی پێشکەوتووی بۆ حوسییەکان دابین کردووە و بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەدژی کەشتییە بازرگانییەکان و ژێرخانی مەدەنی لە ناوچەکەدا ڕاهێنانی پێکردوون.

هاوکات بریتانیا ڕایگەیاند کە ٥ دامەزراوەی نوێی ڕێژیمی ئێران چوونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، سزا نوێیەکان بریتین لە یەکە سەرەکییەکان و جێگری فەرماندەی سپای قودسی پاسداران.