کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ ڕێکخراوی مافی مرۆیی داوای ئازادکردنی ژنانی بەندکراو لە ئێران دەکەن

15:17 - 9 رەشەمه 2723

تۆڕی یەکگرتوویی بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران کە لە ٢٤ گرووپ و ڕێکخراوی ماڤی مرۆیی پێکهاتووە، لە بەرەبەرەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژندا، لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی ژنانی بەندکراو لە ئێرانی کردووە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا کە لەلایەن ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان و چەند گرووپ و لایەنی دیکەی مافی مرۆییەوە واژۆ کراوە، بە ئاماژەدان بە بەرزڕاگرتنی ١١٣ـهەمین یادی ڕۆژی جیهانیی ژن، خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێمەرجی هەموو ژنانی بەندکراو لە ئێراندا بووە.

بەرزنرخاندنی ئەم ڕۆژە لەلایەن ژنانی کورد و ئێرانییەوە لەحاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران ئەم ڕۆژە بە فەرمی ناناسێت و بەردەوام ژنانی چالاک و خەباتگێڕ کە بۆ مافە ڕەواکانیان هەوڵ ئەدەن، دەخاتە ژێر گوشار و لێپرسینەوە و سزادانەوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی ژنان لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هاتووە سەرەڕای هەموو گوشارەکانی حکوومەت، دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانخوازی ژنان و کچان بە گەشەکردنی ئەم بزووتنەوە لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە و ژنانی خەباتگێڕی هەموو جیهانی لەگەڵ خەباتی ژنان ئێران، هاودەنگ کرد.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: چیرۆکی خۆڕاگری و بوێریی ژنانی وەک زەینەب جەلالیان، سپیدە قۆلیان و هەزران ژنی نەناسراوی دیکە، بۆ گەیشتن بە جیهانێکی بێ هەڵاواردن، لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا یادی هەموو شەهیدکراوانی بزووتنەوەی ژینا بەرز نرخێندراوە و جەخت کراوەتەوە کە خەباتی ژنان  لە ئێران هەرگیز کچانی بوێری خۆی وەک ژینا ئەمینییەکان، ئارمیتاکان و هەزارانی دیکە لە یاد ناکات.