کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاپی کتێبی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە هۆی دەسەڵاتی زاڵ ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە

15:21 - 9 رەشەمه 2723

چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساڵانەدا لەژێر سێبەری دەسەڵاتی زاڵی ڕێژیم ئێران لەگەڵ چەند کێشە و گرفت بەرەوڕوو بووەتەوە.

ماڵپەڕی رادیۆ زەمانە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، باسی لەوە کردووە کە ناوەند و وەشانخانەی کتێبەکان لە کوردستان، جگە لە کێشەکانی وەک سانسۆر، دواکەوتنی پێدانی مۆڵەت، زۆربوونی تێچووی وەشان، لەگەڵ کێشەگەلێکی وەکوو نەبوونی ئاسانکاری سەرەتایی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، تێڕوانینی ئەمنییەتی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ کتێبی کوردی و هەروەها نەبوونی پەروەردە بە زمانی دایکی و لەلایەکی دیکەوە زۆربوونی تێچووی چاپ و بڵاوکردنەوە بەرەوڕوون و ئەمانەش بوونەتە هۆکار بۆ دابەزینی ڕیژەی بەرهەمهێنان کتێبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

بەرپرسی وەسانخامەیەکی کوردستان ڕایگەیاندووە کە تێکڕایی چاپی کتێبی کوردی ناگاتە     ٢٠٠ دانە کتێب و ڕێژی فرۆشی کتێبەکان زۆر لە ڕێژەی بەرهەمهێنانیش کەمترە و خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە تێچووی بەرهەمهێنانی کتێب لە ئێراندا بەتایبەتی کتێبی کوردی لە ئەستۆی خاوەنی بەرهەمەکەیە.

ناوبراو باسی لە هۆکاری کەمیی ڕێژەی فرۆش و خوێنەری کتێبی کوردی کردووە و وتوویەتی لە وڵاتێکدا کە خوێندن بە زمانی دایکی نەبێ ڕێژەی خوێنەر و بەردەنگی کتێبەکانیش کەم دەبێ؛ کاتێک باسی پەروەردە بە زمانی دایکی دەکەین مەبەستمان تەنیا توانای خوێندنەوە و نووسین نییە، بەڵکو مەبەستمان لە تێگەیشتنێکی شارەزایانەیە واتە خوێنەر بتوانێ بۆ نموونە کتێبێکی فەلسەفی و زانستی بە زمانی دایکی بخوێنێتەوە و لە زاراوە و ئارگیومێنتەکان تێ بگات.

لە بەشێکی دیکەی ئەم راپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی هەندێک بابەت و ناوەڕۆک وەکوو کتێبی ئایینی سوننە، مێژووی کوردستان، سیاسەت لە کوردستان یان هەر بابەتێکی پەیوەندیدار بەو پرسانەوە ڕووبەڕووی سانسۆرێکی توندی حکوومەتی دەبنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە چاو لەو بابەتە دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە هەبوونی ماڵیاتی زۆر و هەڵاواردن لە دانی ماڵیات لە نێوان وەشانخانە کوردییەکان لەگەڵ باقی وەشانخانەکان یەکیکی دیکە یەکێک لەو کێشانەن.

بەرپرسی وەشانخانەیەکی دیکەی کتێبی کوردی باسی لەوە کردووە کە نەبوونی کەلوپەلی باش و پێشکەوتوو بۆ وەشان و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی لە کوردستان ناچاریان دەکات کە بۆ چاپی بەرهەمەکان سەردانی شارەکانی دیکەی ئێران بکەن و ئەوەش خۆی ئاستەنگێکی گەورە لە سەر ڕێگای نووسەرانی کوردە.