کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران

15:29 - 9 رەشەمه 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو، ٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی سێشەممە ٨ ڕەشەمە، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی لە کرماشان و ئەهواز لە بەردەم بینای پارێزگاری و سندووقی خانەنشینکراوانی ئەو شارانە کۆبوونەوەی ناڕزایەتییان بەڕێوە برد.

ژمارەیەک لە زیانبەرکەوتووانی بوورس لە بەردەم ئەم ڕێکخراوە لە تاران و کۆمەڵێک لە بنەماڵەی نەخۆشانی ئێم ئێس لە بەردەم دامەزراوەی سەرۆکایەتی لە تاران، بە بەڕێوبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی داوای چارەسەرکردنی داواکارییەکانیان کرد.

خانەنشینکراوان بە سەرهەڵدانی دروشمی نە گەرما نە سەرما ڕێگریمان لێ ناکات، ئێمە ئەوەندە درۆمان بیستووە ئیتر دەنگ نادەین و چەندین دروشمی دیکە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد.

قەیرانی ئابووری، زۆربوونی تێچووی ژیان و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکانی چین و توێژە جیاوازەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی ئێران لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوام بن.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و مامۆستایان و کرێکاران بە شێوەی حەفتانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.