کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی نیگەرانی بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانە

21:15 - 9 رەشەمه 2723

لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، جارێکی دیکە بە پاڕانەوە داوای لە خەڵک کرد کە بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی ڕەشەمە، عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە تەمەنی دەنگدان، بە باسکردن لە چەند خاڵ، داوای کرد کە خەڵک لەم شانۆیەدا بەشدار بن.

خامنەیی کە بە لێدوان و قسەکانیدا دیارە نیگەرانی بەشدارینەکردنی خەڵک لەم شانۆیەدایە، لە قسەکانیدا وتوویەتی: هەڵبژاردن دەبێ قەرەباڵغ بێ، چونکە ڕۆیشتنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بە مانای بەشدارییان لە قۆناغە گرینگەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتە. ئەگەر ئێمە بتوانین وای نیشان بدەین کە خەڵک لەم هەلومەرجانەدا بەشدارن، وڵاتمان ڕزگار کردووە.

ئەم شێوازە لە ئاخاوتن، نیشاندەری ترس و گومانی بەرپرسانی ڕێژیم و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی لە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانە.

ڕێژیم بە هەموو شێوازێک هەوڵ بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەدات تاکوو بە قسەی خامنەیی وای نیشان بدەن کە خەڵک لە بڕیارە گرینگەکانی ئێراندا بەشدارن.

ئەم قسانە و گرینگیی بەشداریی خەڵک لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە لەکاتێکدایە کە تەنیا کەسانی نزیک لە دەسەڵاتن کە لە فیلتێری ڕێژیمەوە تێدەپەڕن و دەچنە ڕیزی بەربژێرەکانەوە و بوون و نەبوونیان هیچ لە ژیان و داهاتووی خەڵکانی وەزاڵەهاتووی ئێران ناگۆڕێ.