کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سندووقەکانی دەنگدان دەباتە ئەو گوندانەی کە کەمتر لە ٥ بنەماڵەیان تێدا دەژین

21:17 - 9 رەشەمه 2723

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ١١ی ڕەشەمە و بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، بەرپرسانی ڕێژیم لە هەوڵەکانیان بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک و ڕاکێشانیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بەردەوامن.

دژکردەوەی خەڵک لە کوردستان سەبارەت بەم شانۆیە و دڕاندن و هێنانەخوارەوەی پووستێر و بەنێری بەربژێرەکان لە شارەکانی کوردستان وای کردووە کە نیگەرانییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکاندا زۆرتر ببێتەوە.

هەواڵدەریی تەسنیم، سەر بە سپای پاسداران لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا باسی لەوە کردووە کە خەڵک لە شوێنە دوورەکان و گوندەکان، نیگەرانن کە بە هۆی نالەباربوونی کەشوهەواوە نەتوانن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری تەسنیمدا ڕایگەیاندووە: هەموو هەوڵمان ئەوەیە کە هەموو ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە بردنی سندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەو گوندانە کردووە کە کەمتر لە ٥ بنەماڵەیان تێدا دەژین.

چەواشەکارییەکەی تەسنیم سەبارەت بە نیگەرانیی خەڵک و قسەکانی پارێزگاری سنە بۆ بردنی سندووقەکان بۆ گوندەکان، نیشاندەری نیگەرانیی خودی ڕێژیم و هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانە.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە خودی خەڵک لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی باسیان لە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم کردووە و لە ڕاستای بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکاندا هەنگاویان هەڵگرتووە.