کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەخاکسپاردنی تەرمی هونەرمەند ڕەسووڵ مەمۆ لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستاندا

21:19 - 9 رەشەمه 2723

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی ڕەشەمە، لە ڕێوڕەسمێكی بەشكۆدا و بە بەشداریی هونەرمەندان، شاعیران، ئەدیبان و خەڵكی بەئەمەگی كوردستان، تەرمی مامۆستا ڕەسووڵ مەمۆ هونەرمەند و كەسایەتیی خۆشەویستی ناوچەکە لە گۆڕستانی كۆنەخانێ (پیرانشار-خانێ) بە خاكی پیرۆزی كوردستان ئەسپێردرا.

هونەرمەند ڕەسووڵ ئەزەدی، ناسراو بە ڕەسووڵ مەمۆ، کوڕی عەبدوڵڵا مەمۆ ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی، لە ئاوایی "هەنگەوێ"ی سەربە شاری پیرانشار لەدایک بوو.

ناوبراو لە سەرەتای خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، لە دوای شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارە و لە لکی دوودا ماوەیەک چەکی پاراستنی خاک و نیشتمانی کردە شان.

ڕەسووڵ مەمۆ دوای گەڕانەوەی بۆ ژیانی شەخسی و بەندکرانی بۆ ماوەی دوو ساڵ و دوورخرانەوەی لە کوردستان بۆ شارەکانی ئێران، بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو.

کاک ڕەسووڵ مەمۆ بە درێژایی ژیانی وەک کەسایەتی و هونەرمەندی باوەڕپێکراو و جێی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە بە هونەرەکەی و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی لە خزمەت گەل و نیشتمانەکەیدا بوو.

هونەرمەند ڕەسووڵ مەمۆ ڕۆژی سێشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو لە هونەرمەند، ئەدیبان و خەڵکی ناوچەکە، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە گۆڕستانی کۆنەخانێ ئەسپەردەی خاک کرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ڕەسووڵ مەمۆ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و  کەسوکاری ناوبراو و کۆمەڵگەی هونەری و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات.