کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا هەوڵ بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەدات

11:58 - 12 رێبەندان 2723

جۆزێڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە ئورووپا دەیەوێ لە سێ حەفتەی داهاتوودا بۆ بەرگری لە کەشتییە بازرگانییەکان لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکان لە یەمەن مەئمورییەتێکی دەریایی لە دەریای سوور دەست پێ بکات.

 ناوبراو ڕایگەیاندووە، چاوەروانی دەکات وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆبوونەوەی ١٩ی فێورییە ڕەزامەندی لەسەر ئەو مەئمورییەتە لە دەریای سوور دەرببڕن. بەرپرسان دەڵێن تا ئێستا حەوت وڵاتی یەکیەتیی ئورووپا ئامادەن ناوگان و فڕۆکە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن.

یەکیەتی ئورووپا پلانی ئەم مەئمورییەتە دەریاییەی بۆ پاراستنی ئەو کەشتییە بازرگانیانە داڕشتووە، بەڵام بەشداریی هێرشە سەربازییەکانی دەریای سوور ناکا.

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە بیانووی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان کەشتییە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر بازرگانیی جیهانی لە نێوان ئورووپا و ئاسیا داناوە و ناسەقامگیریی دروست کردووە .

جێگەی ئاماژەیە کە هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا لە ماوەی ڕابردوودا چەدین هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان بۆ سەر شوێنەکانی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام داوە.