کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نادیاری ئاگربەست لە غەززە

11:43 - 10 رەشەمه 2723

جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە تاکوو دوو لایەن لە سەر ئاگربەستێک لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێک بکەون و دەرفەتێک بۆ ئازادیی هەموو بارمتەکان بڕەخسێت.

ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس ڕۆژی ڕابردوو لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: مزگەوتی ئەقسا و شوێنە پیرۆزەکان دەبێت لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکان سەرپەرشتیاری بکرێن و داوای لە فەلەستینییەکان کردووە تاکوو لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا بەرەو مزگەوتی قودس ڕێپێوان بکەن.

هەنییە جەختی کردووەتەوە کە هەر چەشنە نەرمی نواندن لە وتووێژەکان بە هۆی نیگەرانی لە ڕژانی خوێنی فەلەستینییەکان بووە و هاوکات بۆ بەرگری لە خۆیشمان ئامادەین.

ئەم قسانەی ڕێبەری حەماس لەکاتێکدایە کە بە هۆی هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل و کاردانەوەی ئەرتەشی ئەو وڵاتە،  تا ئێستا ٣٠ هەزار فەلەستینی کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار و ئاوارە بوونە.

ڕێبەری حەماس هەروەها داوای لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و موقاومەتی ئیسلامیی عێراق کردووە کە پشتیوانییەکانیان زیاتر بکەن تاکوو پێش بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح بگرن.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار حەماس بیر لە پێشنیارێک دەکاتەوە کە لە وتووێژەکانی حەفتەی ڕابردووی پاریس لەلایەن ئیسرائیلەوە قەبووڵ کراوە.

بە پێێ ئەم ڕێککەوتنە ٤٠ ڕۆژە ئیسرائیل لە ناوچە پڕحەشیمەتەکان دەکشێتەوە.

باسم نەعیم بەرپرسی پێوەندییە سیاسی و نێونەتەوەییەکانی حەماس بە کاناڵی ئەلجەزیرەی ڕاگەیاندووە ناکۆکییەکان زۆرە و بۆ گەیشتن بە ئاگربەست ڕێگەیەکی درێژ لە بەردەستە.

نەعیم سەبارەت بە گەشبینییەکانی بایدێن وتی: ئەم گەشبینیانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاگربەست لە ڕاستیدا بوونی نییە و بایدێن بە هۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە ئەم لێدوانەی داوە.