کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ژمارەیەک لە خوێندکاران لە زانکۆکانی کوردستان و ئێران بۆ بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان

12:17 - 10 رەشەمه 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەشەمە، ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و ئێران لەوانە کۆمیتهی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان، زانکۆی زانستیی پزیشکیی ورمێ، زانکۆی فەنیی یەزدانپەنا، زانکۆی فەنیی کچانەی سنە، و زانکۆی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، باسیان لە بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم کرد.

خوێندکاران لەم پەیامەدا باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیان وەکوو خەباتکارانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەگەڵ بەرپرسانی ناکارامە و جینایەتکار و بەسیجییە سەرکوتکەرەکان کردووە و بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیان بە گاڵتەجاڕی ناو بردووە.

لە بەشێکدا ڕایانگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی خەریكی هەوڵدان بۆ مانەوەی خۆیەتی و ئێمە لەهەوڵداین تاکوو زیاتر لە ڕووخان و لەنێوچوونی ئەم حکوومەتە پیسە کە دۆخی نامرۆڤانەی بەسەر میلیۆنان کەسدا سەپاندووە نزیکتر ببینەوە.

لە بەشێکدا هاتووە: لەم مەیدانی خەباتەدا، لەلایەکەوە ئێمە وەستاوین کە بۆ گەیشتن بە ئازادی، مۆدێرنیسم، خۆشبژێوی گشتی، یەکسانی، دادپەروەیی کۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتی و سێکۆلاریسم خەبات دەکەین؛ ڕۆژێک سەرپۆشەکانمان لا دەبەین و ڕۆژی تر بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئازیزەکانمان لە پەتی سێدارە خەبات دەکەین.

ئەم خوێندکارانە لەم پەیامەدا ڕایانگەیاندووە کە ئێمە قسەی خۆمان لەسەر شەقام کردووە و بە سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کۆماری ئیسلامی لەنێو دەبەین.

لە کۆتایی ئەم پەیامەدا هاتووە: تەنیا وڵامی ئێمە بۆ کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردنەکەی، ڕاگەیاندن بە خەڵکی ستەملێکراو و خەباتکاران، ناڕازییان و ئەندام و لایەنگری ناوەند و سەندیکاکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و نیشاندانی وێنەیەکی خەباتگێڕانە و دەربڕێنی تووڕيیی دژی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتکەرەیە.