کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی چەند میلیشیای سەر بە ڕێژیم لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە و لوبنان

12:19 - 10 رەشەمه 2723

میدیاکانی سووریە شەوی چوارشەممە ڕایانگەیاند ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەیان و بەو هۆیەوە دوو کەس لە باشووری لوبنان و لانیکەم دوو کەسی تر لە هێزە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە نزیک دەمشق کوژراون.

هەواڵدەریی''سانا'' سەر بە حکوومەتی سووریە، شەوی  چوارشەممە ٩ی ڕەشەمە ڕایگەیاند، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەند بنکەیەکیان لە دەوروبەری دەمشقی پێیتەختی ئەو وڵاتە بوردومان کردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو و تەنیا زیانی ماددییان بەر کەوتووە.

بەڵام چەند کاتژمێرێک دواتر کاناڵی ئەلعەرەبییە لە زاری چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریە بڵاوی کردەوە کە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ''هەیسەم سلێمان'' لە دەوروبەری شارۆچکەی "بەساتین بەبیلا" و ناوچەی سەیدە زەینەب لە نزیک دەمشق، دوو ئەندامی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران و ٦ کەسیش بریندار بوون.

ئەلعەرەبیە باسی لەوە کردووە مووشەکەکانی ئیسرائیل چەند شوێنیان لە نزیک دەمیشق کردووەتە ئامانج کە هێزەکانی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامیی تێدا جێگیر کراون.

هەروەها هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان ڕایگەیاندووە کە شەوی چوارشەممە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی کفرا و سیدیقین لە باشووری لوبنان لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل لانیکەم دوو کەس کوژراون و ١٤ کەسیش بریندار بوون.

ئەرتەشی ئیسرائیل هێرش بۆ سەر باشووری لوبنانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ژێرخانی تێرۆریستیی حیزبوڵڵایان لە ناوچەکانی کفرا و سیدیقین لە باشووری لوبنان بوردومان کردووە.