کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئەمریکا لە چالاکییە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا

13:28 - 10 رەشەمه 2723

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری عێراق و ئێراندا، باسی لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە چالاکی و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا کردووە.

ڤیکتۆریا تەیلۆر لە لێدوانێک لەگەڵ کاناڵی "ئەلحوڕڕە" باسی لە هەوڵەکانی ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوو بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانی خۆی لەهەمبەر هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریە کردووە.

تەیلۆر ڕایگەیاندوو ئەگەرچی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکراوە بەڵام هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور هەروا بەردەوامە.

ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە پاش زنجیرە هێرشێکی قورسی ئەمریکا بو سەر میلیشیاکانی ڕێژیم و پێگەکانی سوپای قودس لەو دوو وڵاتە  بوو.

 لەم پێوەندییەدا واشینگتۆن پۆست دوو حەفتە پێش، لە زاری چەند بەرپرسی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە حەز بە ئاڵۆزی سازکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل دەکات، بەڵام لە بەرەوڕووبوونەوی ڕاستەخۆ لەگەڵیان دەترسێت، بۆیە داوای لە میلیشیاکانی کردووە تاکوو لەهەمبەر هێزەکانی ئەمریکا دانبەخۆدا بگرن.

هەروەها هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس پاش کوژرانی ٣ کەس لە هێزەکانی ئەمریکا بە دڕۆنی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، خۆی گەیاندووەتە عێراق و داوای کردووە تاکوو هێرش بە سەر ئەمریکاییەکان ڕابگرن.

لەپێوەندی لەگەڵ ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بۆچوونی کاربەدەستانی ڕێژیم لە ئێستادا ئەوە بووە کە، بەردەوامیی ئەو هێرشانە دەتوانێت کاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوتی وتووێژەکانی بەغداد و واشێنگتۆن سەبارەت بە چوونەدەرەوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەبێت.