کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی سێ شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری سنە

19:47 - 10 رەشەمه 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەشەمە، دایە ئامینە شەریعەتی دایکی سێ شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا، مالاوایی لە ژیان کرد.

دایە ئامینە لە سەرەتای شۆڕشەوە چوار کوڕی بەناوەکانی سیرووس، خەسرەو، پەرویز و بێهرووز ڕەحیمی بوونە پێشمەرگە و خۆی هاتە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی پێشمەرگەکانی هێزی شەریفزادەی کرد.

 دایە ئامینە ساڵی ٦٥ لەسەر ئیزنی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە شاری سنە بەڵام لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کرا.

 سێ کوڕی دایە ئامینە بە ناوەکانی سیرووس و پەرویز و خوسرەو لە هێزی شەریفزادەی سنە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانی پاکیان پێشکەشی بارەگای ئازادی کردووە و کوڕی چوارەمی بە ناوی بێهرووز دوای برینداربوون لە وڵاتی سوید گیرسایەوە و ئێستاش یەکێک لە ئەندامە دڵسۆزەکانی حیزبە و ئەرکی خۆی ڕادەپەڕێنێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەوسوکاری دایە ئامینە شەریعەتی دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.