کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە زۆرەملێ و بە هەڕەشە خەڵک ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکات

19:49 - 10 رەشەمه 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و قەرەباڵغنیشاندانی بنکەکانی دەنگدان، فرتوفێڵی نوێ بەکار دێنێت و هەڕەشە لە خەڵک دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە بە تاوانی کۆمەڵایەتی یان ماڵی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان، لەلایەن ڕێژیمەوە ئیزنیان پێ دراوە کە ماوەی سزاکەیان لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕێنن و ڕۆژانە سەردانی ناوەندە قەزاییەکان بکەن و واژۆیان بۆ بکەن، بەشێکیشیان دەتوانن شەوانە بگەڕێنە بۆ بەندیخانەکان کە ئەمانە بە مەرجی بەشداریکردنیان لە شانۆی هەڵبژاردنەکانە.

یەکێک لەو کەسانەی کە بەو مەرجە ئازاد کراوە لەمبارەوە ڕایگەیاندووە : ئێمه‌ نه‌ به‌ خواستی‌ خۆمان به‌ڵكوو له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌و كاره‌یان پێ‌ كردووین و به‌رپرسانی‌ بەندیخانە وتیان ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌دەین هەتا ئاخر خوله‌كی‌ ته‌واوبوونی‌ سزاکانمان نه‌ مه‌ره‌خه‌سیمان پێ‌ ده‌ده‌ن و نه‌ ئیزنی چاوپێکەوتن.

ڕێژیمی ئێران لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو و بە تێگەیشتن لە نەمانی ڕەوایی خۆی لای خەڵک، ناچارە بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک، فرتوفێڵی نوێ بەکار بێنێت و بنکەکانی دەنگدان بە هەر شێوازێک بووە قەرەباڵغ نیشان بدات.