کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد

22:11 - 15 رێبەندان 2723

ڕۆژی یەکشەممە،  ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز محەممەدنەزیف قادری ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب، سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد و  لەلایەن هەیئەتێكی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانەوە بە سەرپەرستیی بەڕێز عومەر ئیلخانیزادە پێشوازییان لێ کرا. 
هەیئەتی حیزب بەبۆنەی لەسێدارەدانی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هاوخەمیی حیزبی دێموکراتیان پێ ڕ اگەیاندن و بۆ جارێکی تر ئەم کردەوەی ڕێژیمیان مەحکووم کرد.
هەردوو لایەن وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی کورد، یەکگرتوویی و هاوسۆزیی خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتیی خەڵکیان بە گرینگ و جێگەی ڕێز و پێزانین وەسف کرد و یەکڕیزیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا و هاتنە مەیدان و بەشداریی چالاکانەیان لەم بۆنانەدا، بە بایەخەوە هەڵسەنگێندرا.
ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ئەمساڵ چوار پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دران. لەسێدارەدرانی ئەم چوار کەسە ناڕەزەیەتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی لێ کەوتەوە.
 خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەمیشە دژی لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانیان دەنگیان هەڵبڕی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەربڕی و  ئەو کردەوە جینایەتکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد.