کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هاوخەباتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران و ئیرادەی گشتیی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەی دەوێ

22:20 - 15 رێبەندان 2723

خالید عەزیزی: ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هاوخەباتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران و ئیرادەی گشتیی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەی دەوێ

 

ئاماژە: کاک خالید عەزیزی لە وتووێژێکدا لەگەڵ "کوردکاناڵ" تازەترین هەڵوێست و خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەنیسبەت پرسە ڕۆژەڤەکانی نێوخۆیی و ناوچەیی دەربڕی. هەروەها وەڵامی کۆمەلێک پرسیاری گرینگ و هەستیاری لەپێوەندی لەگەڵ دۆخی خەباتی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی دایەوە. "کوردستان" پوختەیەک لەو وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

 

ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە مووشەک‌هاوێژییەکانی و ئاڵۆزترکردنی پتری ناوچە؟

 ئامانجەکانی زۆر ڕوونە، کۆماری ئیسلامی لە ئیدارەی نێوخۆی وڵات لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هەرەسی هێناوە و  تێدەکۆشێ لەو ڕێگەیەوە هەم پێش بە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرێ و هەمیش بیروڕای گشتیی جیهان و نێوخۆی وڵاتیش بەلاڕێدا ببات. ڕێژیم دەیهەوێ لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دوژمنێکی خەیاڵی بۆ خەڵکی ئێران دروس بکات و بەوە ناکارامەیی خۆی و قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵاتی پێ پەردەپۆش بکات. یانی لە ڕاستیدا ڕێژیم بە دوای شەڕدا دەگەڕێ و ئەو قەیران و ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەش کە لە عێڕاق و ناوچەلەدا دروستی کردوە، زۆرتر لەو پێوەندییەدایە. لەنێوخۆی وڵاتیش دەبینین کە سەرەڕای ئەوەی زەبروزەنگ و کوشتن سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیم بووە، ڕێژیم لەو ماوەیەدا بە ڕەشبگیر و ئێعدامەکان توندتر بەرەوڕووی خەباتی مافخوازیی خەڵک بۆتەوە. لە بەرانبەریشدا خەڵکی ئێران زۆریان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دەبێ لەو خەباتە بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بن. بۆیە خەباتی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بەردەوام دەبێ و ئەو شەڕە نیابەتییەش کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچە  هەڵی‌گیرساندوە ناتوانێ هەتا سەر بێت و دروستبوونی قەیرانێکی زۆر گەورەتری لێ دەکەوێتەوە.

ناڕەزایەتییەکان بۆچی پتر لە ناوچە پەراوێزەکانن و ناوەند و شارەگەورەکانی کەمتر گرتووەتەوە؟

ئەوە ڕاستە کە لە شارە گەورەکان و بەتایبەت پێتەختی وڵاتە کە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی یەکلا دەبێتەوە، بەڵام هۆیەکەی ئەوەندەی بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هەوڵی داوە جووڵانەوەی سیاسیی کوردستان بە جووڵانەوەیەکی تەجزییەتەڵەبی دابنێ و بەو بیانووە هەم هێرش بکاتە سەر حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی کوردی و هەم خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانیان لێ دڕدۆنگ بکا. دوایەش بەردەوام بانگەشەی ئەوە بکا کە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان دوژمنانی ئێران لە کەمین دان و دەیانهەوێ ئێران دابەش و لەت‌وپەت بکەن و ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی لە چەند دەیەی ڕابردوودا تا ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر خەڵک بە تایبەت لە شارە ناوەندی و گەورەکان دانابوو و ئەو خەڵکە نەیاندەزانی پرسی کوردستان چییە. ئەو ئەزموونە بە ئێمە دەڵێ دەبێ تێ بکۆشێن لە دەروەی کوردستانی ئێران و لەنێو خەڵکی ئێراندا دۆست و لایەنگر و هاوپەیمانی زۆرتر پەیدا بکەین. بەخۆشییەوە دوای جووڵانەوەی ژینا ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و هیوادارم لە داهاتوودا ئەو جووڵانەوانە زۆرتر شارە گەورەکانیش بگرێتەوە. ڕێگای دیکەش بۆ چارەسەری ئەو کەمایسییە لە خەباتی خەڵکی ئێراندا ئەوەیە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانییش چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە دەرەوە زۆر بەڕاشکاوی و بە سەراحەت لەسەر ئەوە بێنە دەنگ بۆ ئەوەی قورساییەکە بەتەنیا نەکەوێتە سەر کوردستان و بەلووچستان کە دواتر بە کەیفی  خۆی و بە بیانووی تەجزیەتەڵەبی ئەو خەڵکە سەرکوت بکات. بەتایبەت کە ناڕەزایەتییەکان دەست پێ دەکەنەوە. هۆکارەکانیش بۆ ئەمە زۆرن. یەکەم کۆماری ئیسلامی چۆتە نێو گەمەیەکی نێودەوڵەتی و یارگیرییەک کە لەوێدا خراپی بەسەردا دەشکێتەوە. لەوێ یاریی سیستمە خراپەکانە بە ڕووسیە و کۆرەی باکوور و تا ڕادەیەکیش چین و بەو گرووپە نیابەتییانەی لە ناوچەکەدا دروستی کردوون و شەڕیان پێ دەکات. ئەوە یەک بە هۆکاری نێودەوڵەتی کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لەڕاستیدا ئیعتباری خۆی لەدەست داوە. بە هۆکاری ئابوورییش، ئابووریی وڵاتی دەوڵەمەندی ئیران لەسۆنگەی سیاسەتی دەرەکیی ئەو ڕێژیمە و گەندەڵیی سیستماتیک لە نێوخۆی لە داڕمان‌دایە و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کۆمەڵگەی ئێران تووشی جۆرێک هەرەسهێنان بووە. بۆیە کۆی ئەو حاڵەتانە لە کۆمەڵگەدا ناڕەزایەتیی بەرینی لێ دەکەوێتەوە.

ئایا نیزامی سیاسی یەکدەستە، یان لە چوارچێوەی نیزامیشدا دەنگی ناڕازی هەیە؟ ڕێگەی سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمدا چییە؟

بەڵێ دەنگی ناڕازی بوونی هەیە و ئێمە دەبێ ئەو دەنگە ناڕازییانەش ببیستین. نیزامی کۆماری ئیسلامی سیستمێکی ئیدئۆلۆژیکە و سیستمە ئیدئۆلۆژیکەکان دەبێ لەنێو خۆیاندا پرسیاریان لەسەر دروست بێت، هەروەک چۆن ئەوە لە یەکیەتیی سۆڤییەتدا ڕووی دا و دیمان کە گۆڕباچۆڤ هات و گوتی ئەو سیستەمە چیدی ناتوانێ ئیدارەی وڵات بدا و بەدوای ئەوەدا یەکیەتیی سۆڤییەت هەڵوەری. بە باوەڕی من زۆر گرینگە لە نێوخۆی ئەو نیزامەدا کەسانێک کە باوەڕیان بەو ئینقلابە بووە و تێیدا بەشدار بوون و بەڵام ئێستا دەزانن دەرەنجامەکەی سیستمێکی زۆر خراپە بێن و پرسیاری لەسەر دروست بکەن. بۆیە پێم‌وایە ئێمە دەبێ مەجالێکیش بۆ ئەوە بێڵینەوە کەسانێک کە پێشتر خۆیان بەشێک لەو ئینقلابە بوون بێن و باس لە ناکارامەیی و زەروورەتی گۆڕانی بکەن. مەسەلەکە ئەوەیە دنیا بەرەو دێموکراسیی پتر دەچێت و هەمووان دەزانن نیزامە سیاسییە دیکتاتۆڕەکان هیچ داهاتوویەکیان نییە. بەڵام لێرەدا مەسەلە ئاڵترناتیڤە کە زۆرمان قسە لەسەر کردوە. ڕاستە کە خەڵک لە مەیدانی خەباتەکەدان، دەگیرێن، حوکم دەدرێن و ئێعدام دەکرێن و بە مانگرتن و خۆپێشاندان بەتایبەت لە کوردستان بەردەوام تێچوو دەدەن، بەڵام لەڕاستیدا هەتا ئاڵتێرناتیڤێک نەبێ و ئەو ئاڵتێرناتیڤە لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا مەترەح نەبێ، هاوکێشەکان لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی ناگۆڕدرێن. دەبێ ئەو ترس و تەوەهومەی هەڵوەشانی ئێران بڕەوێتەوە و دەبێ خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانی فارس، تورک، کورد، عەرەب، بەلووچ و هەموو بەیەکەوە ببینە ئاڵترناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی.

پشکی کورد لە ئێرانی داهاتوودا؟

یەکەم، مادام ئێمە باوەڕمان بە فیدڕاڵیزم و دابەشین و هاوبەشی لە دەسەڵاتدا هەیە و پێمان‌وایە کە دەبێ خوێندنەوەیەکی دیکە لە نیزامی سیاسی و قانوونیی ئێران بکرێت، پڕۆژەشمان ئەوەیە کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەتوانین وەدی بێنین. هەڵبەت جاری وایە خوێندنەوەیەکی غەڵەت دەکرێ کە ئەمە سیاسەتی حیزبی دێموکرات نییە و لێرە و لەوێ کە باسی میللییەتەکانی ئێران دەکرێ، هیندێک لایەن فارسەکان هەڵداوێرن کە ئێمە ئەوەمان پێ دروست نییە. هیچ ئیدارەیەکی داهاتووی ئێران لە هەر سیستمێکدا بە فیدڕاڵیزمیش سەرکەوتوو نابێت ئەگەر فارسەکانیش وەک میللەت لەگەڵدا نەبن. یان تەنانەت ئەگەر تورکەکان لەگەڵدا نەبن دیسان پڕۆژەکە کەمی دێنێت. بۆیە سیاسەتی کورد ئەوەیە بە چاوی دۆست چاو لە هەموو ئەو میللەتانە بکا و ئێمە کێشەمان تەنیا لەگەڵ نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی هەیە و بە هیچ جۆرێک کێشەمان لەگەڵ نەتەوەی فارس، نەتەوەی تورک و لایەنەکانی دیکە نییە. ئەو پەیامە تێکۆشەرانی کورد لە کوردستانی ئێران لە بوارەکانی جۆراوجۆردا و بەو پێوەندییانەی لەگەڵ فارس و تورکەکان و لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی ئەوان بوویانە، گەیاندوویانە. ئەوە ڕێگا خۆش دەکا بۆ ئێوە دەبێ مەرکەز پایتەخت نشیینەکان لە ئێمە تێ بگەن بۆیە بە باوەڕی من تەوەجۆ بە نەقشی پایتەخت بە نەقشی فارس لەداهاتووی ئێران دا ئێمە دەبێ جیددی بگرین و زۆرتر ئەوان کەین بە مۆخاتەب.

دووهەم، شۆڕشی ژینا ئەزموون و وانەی زۆری تێدا بوو. لەلایەک بەخۆشییەوە مەسەلەی کورد لە ئێران تا ڕادەیەکی زۆر مەترەح بوو و خەڵکێکی زۆر ئێستا باشتر لە پرسی کورد تێگەیشتوون. هەروەها پەرەی بە یەکگرتوویە و یەکڕیزی و کۆدەنگییەکان داوە و ئەوەش دەرەنجامی ئەو کێشانە بوو کە ئەوکات بەهۆی توندڕەویی هیندێک لایەنی ناوەندگەرا و دژکردەوەی ئیحساسی لە بەرانبەر ئەو باسانەدا دروست بوون و دەبێ لێی تێ‌پەڕین. حیزبی دێموکرات پێی‌وایە سیاسەتێکی هاوسەنگ و میانەڕەوانە دەتوانێ بەستێنێکی باش بێت بۆ ئەوەی هەمووان خۆی تێدا ببیننەوە. ئێمەش وەک کورد پێویستیمان بە یەکڕیزیی پتر هەیە، هەرچەند ڕووی قسەم لە حیزبە سیاسییەکانە، چونکی لە جەریانی شۆڕشی ژینادا خەڵک لە نێوخۆی وڵات یەکگرتوو بوون و لە هیچ شتێک درێخییان نەکرد کە جێگەی شانازی و پێزانینە، بەڵام حیزبەکان تا ڕادەیەکی زۆر تووشی پەرتەوازەیی ببووین. هۆکاری ئەوەش عەقڵییەتی تەسکبیریی حیزبییە کە بەداخەوە لەنێو جووڵانەوەی کورددا بووەتە کۆسپ و دەبێ هەمووان ئەو قۆناغە بەجێ بێڵین. ئێمە پێویستە بەسەر ئەو دابڕانەدا زاڵ بین و باوەڕمان بەوە هەبێت کە لە نێوخۆی ئێران دەتوانین بەسەر ئەو ڕێژیمەدا زاڵ بین، بۆیە دەبێ ناکۆکی و کێشەکانی خۆمان لە دەرەوەی سنوورەکان بەجێ بێڵین و بگەڕێینەوە نێو خەڵکی خۆمان و لە دەلاقەی دۆخی نێوخۆ و پێویستییەکانی ئەو دۆخەوە بۆ خەبات و پێوەندییەکانمان بڕوانین.

تێڕوانینتان بۆ شۆڕشی ژینا و ئەو دەرفەتانەی بۆ حیزب و بزووتنەوە درووست بوو؟

ئەمن پێم‌وایە لە دەرفەتەکان باش کەلک وەرگیرا. یەکەم ئێعتبار و قورسایی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد بەباشی دەرکەوت کە ئەمە نیشانەی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزب و پێوەندیی هەمیشەیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بوو. دووهەم شت پێداگری لەسەر سیاسەتی دروستی حیزبی دێموکرات بوو کە سیناریۆ و بەرنامەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی مایەپووچ کردەوە. سێهەم شت ئەو پەیامە بوو کە بە لایەنە ئێرانییەکانی دا، ئەویش ئەوە کە داهاتووی ئێران بەبێ بەشداری کورد دروست نابێتەوە. هەروەها  ئەو پەیامەش بە لایەنە نێودەوڵەتییەکان درا کە پرسی کورد لە ئێران فاکتەرێکی دیاریکەرە لە داڕشتنەوەی داهاتووی ئەو وڵاتەدا و ئەو دوو پەیامەش بەو تایبەتمەندییە کە کورد و پرسی کورد نەک هەرەشە بەڵکوو بە دەرفەت ببیندرێ. لە شۆڕشی ژینادا هەستی نەتەوایەتی و کوردانەی ئێمە لە نێوخۆی وڵات بەهێزتر خۆی نواند، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئەم بزووتنەوەیە پێویستیی بە بەردەوامی هەیە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کاری سیاسی و کاری حیزبایەتی بێ ئیشکال نییە و ئێمە دەبێ خەسارناسیی ئەوە بکەین لە کوێدا هەڵەمان کرد و لە چیدا وەپاش کەوتین؟ ئەمن لام‌وایە ئیشکالێک کە هەموو لایەنێکیش دەگرێتەوە ئەوە بوو کە شۆڕشی ژینا هەموو هەموومانی خافڵگیر کرد، بەڵام بە حوکمی نیزیکیی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵانی خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر خۆمان کڕییەوە. لە شوێنێکی دیکەش لەڕاستیدا ئێمە کۆمەکمان بە عەقڵییەتێک کرد لەنێو ئێرانییەکان کە ئیدارەی داهاتووی ئێران دەبێ حیزبەکان و بەپێی ڕێککەوتنەکان بیکەن نەک سێلیبریتیەکان و هەروەها لایەنە ئێرانییەکان فێر بکەین بیر لە سازماندەهی و خۆڕێکخستن و کاری ڕێکخراوەیی بکەنەوە.

ئێران بە کورد ناڕووخێ، ئێستاش لەسەر ئەو باوەڕەن؟

کورد لە ئێران هەموو ڕەهەندەکانی خەبات دژی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێرانی ئەزموون کردوە. خەباتی دیپلۆماسی و وتووێژ، خەباتی مەدەنی و جەماوەری و کاتێکیش شەڕمان بەسەردا سەپاوە بەرگریمان کردوە و دەستمان بەرنەداوەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەبێ پێ لەسەر ئەوە دابگرینەوە کە ئێمە میللەتێکی شەڕخواز نین، بەڵام مافخوازین و دەبینن کە سەرەڕای شەڕ و کوشتن و ئێعدام و تێرۆر و مووشەكباران لەبەین نەچووین و هەر ماوین. ئەوەی دەبێ نەمێنێ ئەو ڕێژیمەیە و کە گوتوومە بە ئێمە ناڕووخێ، مەبەستم ئەوەیە تەنیا بە ئێمەی کورد و حیزبی دێموکرات ناڕووخێت. ئەوە یانی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی پێویستیی بە هاوخەباتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران و ئیرادەی گشتیی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە هەیە.

لایەنێکی دیکەی ئەو قسەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئامانج و ریسالەتی حیزبی دێموکرات و کورد لە ئێران کە تەنیا وەک لایەنێکی "بەرئەنداز" پێناسە نەکرێین. کورد نەتەوەیەکی خەباتکارە کە جووڵانەوەی نەتەوایەتیی کورد ماف و ئازادییەکانی ئەو گەلەی دەوێ و هاوکات ئامادەین لە داڕشتنەوەی سیاسی و دێموکراتیکی ئێرانی داهاتووشدا بەشدار بین. کەواتە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئەرکێکی گشتیی هەموو پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکانی ئێرانە و نابێ و ناکرێ ئەمە تەنیا کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی بۆ ئەرکدار بکرێ و لەوەدا قەتیس بکرێت. بەراوەردێکی گرتن و کوشتنەکان، ئێعدامەکان، تێرۆرەکان و سەرکوتی خەڵکی کوردستان بکەین، چ نەتەوەیەک ئەوەندەی بۆ دێموکراسیخوازی و ئازادی تێچوو داوە و بۆچی دەبێ ئەرکی قورسی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەر لەسەر شانی کورد بێت؟

کێشەی کورد و لایەنەکانی دیکەش لە تاران چارەسەر دەبێ، بۆچوونێکی ئێوە کە لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت. بۆچی پێتان وایە تاران شوێنی چارەسەری پرسی سیاسیی کوردە؟

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران و زۆرێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەوە بووە هەرکات ئەمریکا هەڕەشەیەکی لە ئێران کردوە یان کە ناوگانێکی نیزامیی ئەمریکا هاتۆتە کەنداوی فارس، یان هەر جارێک ئیسڕائیل هەڕەشەیەکی لە ئێران کردوە یان لەهەر جێیەک لە ئێرانیان هەڵپێچاوە، ئیدی پێیان وا بووە  شەڕە گەورەکە تووشی ئێران و کۆماری ئیسلامی دەرووخێ.  بەشێکیش پێیان وا بووە کە پرسی ئێمە و پرسی دێموکراسی و داهاتووی ئێران لە دەرەوە چارەسەر دەکرێ. بە باوەڕی من ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ خۆمان سازمان بدەین، یەکڕیز و یەکگرتوو بین و دامەزراوەی جۆراوجۆرمان هەبێ و لە هەموو دەرفەتەکان کەڵک وەربگرین. دامەزراوە ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، مەدەنی، ژینگەیی و ڕێکخراوەکانی دیکەمان بەهێزتر بکەین. هاوکات لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئێرانی پێوەندییەکانمان بەرینتر ببێت و پرسی کورد بکەین بە پرسێکی سەرەکی لە ئاستی ئێراندا. جا ئەگەر پرسی کورد بووە ئەو پرسە جدییە چ لە ڕێژیمدا ئاڵوگۆڕێک بێتە پێشێ کە بە دووری دەبینم، یان لە ئەگەری گۆڕانکاریی بنچینەیی ئەوا دیسان ئەو باسە نەک لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکوو لە تاران یەکلا دەبێتەوە.

کورد و ئازەرییەکان، دوورەدیمەنی ململانێ و ئەگەرەکان؟

هەروەک چۆن لە سەردەمی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجاندا پێوەندییەکی باش لەنێوان مەهاباد و  تەورێزدا هەبوو و کێشەکانی نێوانیان بە دانوستان چارەسەر دەکرد و وەک دوو دەسەڵاتی دیفاکتۆ ببوون بە ئەمری واقیع و ئیعترافیان پێ کرا؛ ئێستاش ئێمە وەک دوو نەتەوەی دراوسێ دەبێ دان بە بوونی یەکتر دابنێین و کێشە و ناکۆکیی نێوانمان بێنینە سەر مێزی قسە و دیالۆگ.

لێرەدا مۆشەخەسەن پێشنیار دەکەم لەو ناوچەیەی ئەوان بە بە ئوستانی ئازەربایجانی غەربی و ئێمە بە پارێزگای ورمێی ناو دەبەین و بەحس و کێشەشی لەسەرە؛ تێ‌بکۆشین لەگەڵ تورکەکان دۆستایەتیمان هەبێ و ئەنجوومەنی هاوبەش بۆ لێک‌تێگەیشتن و کاری پێکەوەیی پێک بینین بۆ ئەوەی سبەینێ ئەگەر ئێران شێوا و ڕووخا کارەساتی ەغەدە ڕوو نەداتەوە. ئەو دوو نەتەوەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان پێویستییان بەوەیە لە تەرەفی یەکتردا پارتنەریان هەبێ و کەسێک هەبێ کە لەگەڵیان دابنیشین و پێش لە ڕووداوی ناخۆش بگرین.

داهاتووی حیزبی دێموکرات لە سایەی ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی ئێران و عێڕاق؟

 حیزبی دێموکرات حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و خەباتی ئێمە ئەو خەباتەیە خەڵک لەنێوخۆی وڵات دەیکەن و ئەگەر دوای شۆڕشی ٥٧ شەڕمان بەسەردا نەسەپابایە، ڕێبەریی حیزبی دێموکرات ئێستا لە نێوخۆی وڵات لەگەڵ ئەو خەڵکە و لە پرۆسەی سیاسیدا هەر ئەو خەباتە مەدەنی و جەماوەرییەی دەکرد. ئەوە سیاسەتی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و هیوادارم خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک بیر لە حیزبی دێموکرات دەکەنەوە حیزبی دێموکرات ئاوا پێناسە بکەن. هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیش وەک باڵی نیزامیی حیزب ئاکامی بەرگری و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە دژی ئەو هێرشەی کۆماری ئیسلامی کردیە سەر کوردستان و هەموو ئەوانەش لە شانازییەکانی ئەو میللەتەیە. بەڵام حیزبی دێموکرات هەر ئەو هێزە نیزامییە نییە و ئەمن هیوادارم ئێران زۆر زوو بەرەو ئەو بچێ و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ و ئەو نیزامە سیاسییە نەمێنێ و ئەو وەختی نە ئێمە و نە تورک و نە فارس و نە هیچ میللەتێک بۆ چارەسەری کێشەکان و یا خوای نەخواسە پاکانەحیساب پەنا بۆ ڕێگە حەلی نیزامی نەبەین.

 داهاتووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش زۆر ڕوونە و هیچ پرسیارێکی لە سەر نییە و هەر ئەوە خەباتەیە خەڵک لە نێوخۆی وڵات بەخۆشییەوە دەیبەنە پێش. لە ڕەهەندی نێودەوڵەتیشدا حیزبی دێموکرات تێ‌دەکۆشێ لە حەدی خۆیدا زمانحاڵێکی باش و بەهێزی پرسی کورد لە ئێران بێت و لە ڕەهەندی پێوەندییەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئێرانیشدا ئێمە پابەندین بەوەی ئێران پێکەوە ئیدارە بکەین و لەو جێگایەی پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە ڕێزی ئێمە بۆ ئەوان لەجێی خۆیەتی و هەوڵ دەدەین وەک هەمیشە سیاسەتی بەرپرسیارانەمان درێژە پێ بدەین.