کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەلەرزەکەوتنی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا

12:07 - 12 رێبەندان 2723

دوای ئەوەیکە بەرپرسانی ئەمریکا بڕیاریان دا کە وڵامی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئۆردۆن بدەنەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کەوتوونەتە ترس و لەرەزەوە و سەرەڕای هەڕشەی بێبنەما داوای چارەسەری کیشەکان لە ڕێگەی سیاسییەوە دەکەن.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، وڵامدانەوەی ئێران بۆ هەڕەشەکان حەتمی و دەستبەجێیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا پێویستە زمانی هەڕەشە بوەستێنێت و سەرنجی لەسەر چارەسەری سیاسی بێت.

هەروەها حوسێن سەلامی، فەرماندە سپای پاسدرانی ڕێژیمی ئێران لە لێداونێکدا وتوویەتی کە هیچ هەڕەشەیەک دژی ئێران بێوڵام ناهێڵینەوە.

ناوبراو وتوویەتی: لەم ڕۆژانەدا گوێبیستی ھەندێک ھەڕەشە لە قسەی بەرپرسانی ئەمریکا دەبین، پێیان دەڵێین کە ئێوە، ئێمەتان تاقی کردووەتەوە، یەکتر دەناسین و هیچ ھەڕەشەیەک بێ وڵام ناهێڵینەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕین، بەڵام لە شەڕ ناترسین.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبه‌ندان، لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە به‌ درۆن هێرش كرایه‌ سه‌ر بنکەیەکی نیزامیی ئەمریکا لە ئۆردۆن و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکا کوژران و ٣٤ سەربازیش برینداربوون. دوابەدوای ئەوە واشنگتۆن ڕایگەیاند کە کاردانەوەی توندی بەرانبەر بەو هێرشە دەبێت.