کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٠ کەس لە حوسییەکانی یەمەن لە مانگی ژانوییەدا کوژراون

11:45 - 16 رێبەندان 2723

حوسییەکانی یەمەن کە گرووپێکی میلیشیایین و خراونەتە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە، ڕایانگەیاندووە کە لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ی زایینیدا، لانیکەم ٩٠ کەسیان لێ کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ٨٢ لەسەدی ئەو خەسارە گیانییانەی کە بەر حوسییەکان کەوتوون لە شەڕ لەگەڵ هێزە دەوڵەتییەکان و ١٨ لەسەدیشی لە درێژەی بۆمبارانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بریتانیا، لە وڵامدانەوە بەم گرووپە بووە.

حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەم ئامارە، لەسەر چالاکییەکانی خۆیان سوورن. لەم پێوەندییەدا، یەکێک لە ڕێبەرانی حوسییەکان ڕایگەیاندووە کە چالاکییە نیزامییەکانی ئەم گرووپە دژی ئیسرائیل هەتا ڕاگیرانی هێرشەکان بۆ سەر غەززە درێژەیان دەبێت.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە پلەتفۆرمی یەمەن فیوچر، بڵاوی کردوونەتەوە، ژمارەی کوژراوانی حوسییەکان لە مانگی ژانویەی رابردوو، بەرزترین نێونجی مانگانە لە زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا بووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ٨٨ لەسەدی کوژراوەکان، لە بەرپرسانی ئەم گرووپە بوون.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندان، ئەمریکا و بریتانیا هێرشیان کردە سەر حوسییەکانی یەمەن و شوینگەلێکی وەک ناوەندە فەرماندەییەکان، سیستەمی مووشەکی، شوێنی ڕێکخستنی پەهباد و ڕادارەکانیان کردە ئامانج.

لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە ئاماژە بە هێرشە نوێیەکانی شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە یەمەن وتی: ئامانج لم هێرشانە بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکان، ئەوەیە کە پێیان ڕابگەیێنین کە ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر دەریای سوور ڕانەگرن، دەبێ چاوەڕێی وڵامی توندتر بن.