کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چوار مووشەکی حوسییەکانی کردە ئامانج

11:59 - 16 رێبەندان 2723

ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، بۆ بەرگری لە خۆی، مووشەکە دژەکەشتیەکانی حوسییەکانی تێک شکاندووە.

سێنتکام لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە چوار مووشەکی حوسییەکانی لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج کە بۆ هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور لە ئامادەباشیدا بوون.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، هێزەکانی ئەمریکا ئەو مووشەکانەیان لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆلی حوسییەکانی یەمەندان دەستنیشان کردوون و ئەم مووشەکانەیان بە مەترسی بۆ سەر هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان زانیوە.

تێکشکاندنی ئەم مووشەکانە لەکاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بریتانیا و ئەمریکا، پێکەوە هێرشیان کردبووە سەر بنکەکانی حوسییەکانی یەمەن.

هێرشەکانی حوسییەکان بە پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە دەریای سوور، زۆرێک لە کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی ناچار کردووە خۆیان لەم ڕێگا دەریاییە بە دوور بگرن و ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بازرگانیی دەریایی.

حوسییەکانی یەمەن، ماوەی چەند حەفتەیەکە بە پاساوی هاوسۆزی بۆ فەلەستین، هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور کە ١٥ لەسەدی بازرگانیی ئاویی نێوان ئورووپا و ئاسیای پێدا تێدەپەڕێت.