کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی زیاتر لە ٤٣٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی لە هەڵمەتی نا بۆ لەسێدارەدان

12:23 - 16 رێبەندان 2723

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، هەڵمەتێکی مەدەنی بە ناوی "نا بۆ لەسێدارەدان" دەستی پێ کردووە کە زیاتر لە ٤٣٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی پشتیوانییان لێ کردووە.

ئەم کۆمەڵە کەسە سزای لەسێدارەدانیان مەحکووم کردووە و بۆ پشتیوانیکردن لەو هەڵمەتە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە.

لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە لەسیدارەدانەکان لە بەرەبەیانەکاندا هاتووە کە وشەی بەرەبەیان بووەتە دەستەواژەیەکی ترسناک لە ئێراندا.

لە درێژەدا هاتووە کە لەسێدارەدانەکان لە ئێران زیاتر لە تۆڵەسەندنەوە و نمایشی هێز دەچێت تاکوو سزایەکی دادوەری، بۆیە لەسەر "نا بۆ لەسێدارەدان" پێداگر دەبن بەو هیوایە کە بتوانن ئەم ڕەوتەی ئێستە ڕابگرن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی و وەفا ئازەربار وەکوو نوێترین قوربانییانی سێناریۆی "چارەسەری لە ڕێگەی لەسێدارەدان" ناویان لێ براوە و هاتووە کە هێشتا بڕوا بە چارەسەری لە ڕێگەی لەسێدارەدانەوە مەترسییەکی تاڵ بۆ سەر لاوان لە ئێرانە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و بوونەتە قوربانی، تەنانەت بە پێوەرە دادوەرییەکانی خودی ڕێژیمی ئیسلامیش نەدەبوو لە سێدارە بدرێن و جێبەجێکردنی ئەو حوکمە نادادپەروەرانە ستەمێکی ئاشکرایە.

ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران یەکێک لە بەرزترین ئامارەکانی جیهانە. ئەم ڕێژەیە پاش شۆڕشی ژینا و بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا خێراتر بووەتەوە و کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدواوە بووە.