کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: هێرش بۆ سەر بنکەکانی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران، دەسپێکی وڵامەکانمانە

16:45 - 16 رێبەندان 2723

جەیک سالیوان ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەیان وڵامی زیاتر بە هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەی ئەمریکا لە ئۆردۆن ئەداتەوە.

سالیوان لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا وتی: ئەوەی کە ڕۆژی هەینی لە عێراق و سووریە ڕووی دا سەرەتای وڵامەکانی ئێمە بوو و لەم پێوەندییەدا هەنگاوی زیاتر هەڵ دەگرین.

ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ نیشانەیەک لە گۆڕینی سیاسەتەکانی ئێران لە پشتیوانیکردن لە میلیشیاکان نابیندرێت وتی: ئەگەر هەڕەشەکان و هێرشەکان بەردەوام بن ئەمریکا وڵام ئەداتەوە.

سالیوان لە وڵامی پرسیاری هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ نێو خاکی ئێران خۆی بوارد و ڕایگەیاند کە هێرشی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە ئامادەکاریی بۆ کراوە.

ئەمریکا ڕیژیمی ئێران بە یەکێک لە بەرپرسیارانی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەکانیان لە ئۆردۆن دەزانێت، هەر بۆیە ڕۆژی هەینی ٨٥ بنکە و بارەگای میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە عێراق و سووریە کردە ئامانج.

هەروەها ئەمریکا بە هاوکاریی بریتانیا چەند هێرشیان بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن ئەنجام دا.

گرژییەکان لە ناوچەکەدا پاش دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل پەرەی سەندووە و میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆڵی سەرەکییان لەم گرژییانەدا لە هەموو ناوچەکە بەتایبەتی عێراق و سووریە و دەریای سووردا هەیە.