کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکئاوەژووی ڕێژیم لە دوو بانکی گەورەی بریتانیا بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان

16:50 - 16 رێبەندان 2723

بڵاڤۆکی فاینەنشاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیی ناوەندە زانیارییەکانی خۆی، بە مەبەستی ڕاگواستنی پارە و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، کەڵکی لە دوو بانکی گەورەی بریتانیا وەرگرتووە.

ئەم بڵاڤۆکە ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران کەڵکئاوەژووی لە بانکی "سانتاندر بانک" و "بانکی لوید"، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پارە لە سەرتاسەری جیهان وەکوو بەشێک لە تۆڕی بەرفراوانی هەڵاتن لە گەمارۆکان وەرگرتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دوو بانکە هەژمارگەلێکیان ڕادەستی ئەو کۆمپانیا بریتانیاییانە کردووە کە بە شێوەی نهێنی سەر بە کۆمپانیای پێترۆشیمی گەمارۆدراوی ئێران بوون.

فاینەنشاڵ تایمز ڕایگەیاندووە کە خاوەنی ئەم هەژمارە بانکییانە لە ڕواڵەتدا کۆمپانیا ئینگلیسییەکانن کە نووسینگەیان لە لەندەنە، بەڵام لە ڕاستیدا سەر بە کۆمپانیای بازرگانیی پێترۆشیمیی ڕێژیمی ئێرانن.

فاینەنشال تایمز ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕاگواستنە بەربڵاوەی پارە لە سەرتاسەری جیهان لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای بازرگانیی پێترۆشیمیی ڕێژیم و کۆمپانیای هاودەستی لە بریتانیا، لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە لە لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکادان.

ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیای پێترۆشیمیی ڕێژیمی ئێران دەستی لە کۆکردنەوەی سەدان میلیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی ڕووسیە بۆ دابینکردنی تۆڕی دارایی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هەبووە.