سەردانی ندا ئەلنەشیف جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران ناڕەزایەتیی زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی لێکەوتووەتەوە و سەبارەت بە ئاکامی سەردانەکەی هۆشدارییان داوە.
ندا ئەلنەشیف بڕیارە ١٤ی ڕێبەندان سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان و مافی ژنان و کچان لە ئێران، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سەردانێ ئێران بکات.
بەم بۆنەوە کۆمەڵێک لە نووسەران و ڕووناکبیران لە کاردانەوە بە سەردانەکەی ئەلنەشیف بۆ ئێران و ئاکامەکەی، لە نامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە لە بارودۆخی ئێستادا و تەنانەت تا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی مارسدا، سەردانەکەی ڕابگرێت.
لەم نامەدا هاتووە: لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی پاش کوشتنی ژینا ئەمینی بە هۆی دەرکەوتنی چەند تاڵ قژ، هەموو ڕۆژێک لاوێکی بێتاوان لە سێدارە ئەدا، نابێت سەردانی ئێران بکەیت و ئێرە خاڵی سفری مرۆڤایەتییە و مافی مرۆڤ لێرە هیچ بوونێکی نییە .
لە درێژەی ئەم نامەیەدا هاتووە: حکوومەتی کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی تۆتالیتەری ئایینییە کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە کوشتن و تێرۆر و لەسێدارەدانی بیرمەندان و ناڕازییان، مافی مرۆڤی لە ئێران پێشێل کردووە.
لەو نامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان تەنیا تریبوونێک بوون بۆ کۆماری ئیسلامی تاکوو وێنەیەک جوان لە خۆیان پیشان بدەن و نامرۆڤایەتییەکانیانی پێ دابپۆشن.
نووسەران و ڕووناکبیرانی ئێرانی ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕاستییەکانی مافی مرۆڤ ساڵانێکە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە گەیشتووەتە دەستی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و بە سەردانێکی ٣ ڕۆژە ڕاستییەکان دەر ناکەون.
لە کۆتایی نامەکەدا داوا لە ئەلنەشیف کراوە سەردانی ئێران نەکات تاکوو بەرپرسانی ڕێژیم نەتوانن وەک سەرپۆشێک بۆ تاوانەکانیان بەکاری بێنن.