کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای داواکارییەکان و دەربڕینی نیگەرانییەکان، ندا ئەلنەشیف سەردانی ئێرانی کرد

11:25 - 17 رێبەندان 2723

سەرەڕای داواکارییە بەربڵاوەکان بۆ پێشگرتن لە سەفەری ندا ئەلنەشیف، جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران، ناوبراو بە سەفەرێکی سێ ڕۆژە سەردانی ئێرانی کرد.

وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە ندا ئەلنەشیف ڕۆژی هەینی چووەتە ئێران و ڕۆژی دووشەممەش کۆتایی بە سەفەرەکەی خۆی هێناوە و لەگەڵ بەرپرسانی پێوەندیدار، بەرپرسانی دادوەری و هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیدار و وتووێژی کردووە.

ڕاوینا شامداسانی سەبارەت بە نیگەرانییەکان لەمەڕ سەفەرەکەی ندا ئەڵنەشیف بۆ ئێران وتوویەتی، ئاگاداری نیگەرانییەکانم بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەم سەفەرە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کەڵکئاوەژووی لێ وەرناگیرێ و پڕوپاگەندەی پێوە ناکرێت.

میدیاکانی ئێران پێشتر باسیان لەم سەفەرە کردبوو بەڵام سەبارەت بە دیدارەکانی ئەلنەشیف لە ئێراندا هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران داوایان لە ئەلنەشیف کردبوو کە لە سەفەرە سێ ڕۆژەکەی خۆی بۆ لێکدانەوەی دۆخی دژبەرانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی، ناڕازییانی بریندار و ئەو کەسانەی کە لە یاسای بنەڕەتی بێبەری کراون، کەڵک وەربگرێ.

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕێبەندان، لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بوونەوە و داوای دیدار لەگەڵ ئەلنەشیفیان کرد کە بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، هێزەکانی ڕێژیم بە هەڕەشە هەوڵیان داوە بڵاوەیان پێ بکەن.

پێشتر، بەرەیەکی پێکهاتوو لە ٢٥ گرووپی مافی مرۆیی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، بە ئاماژە بە دڵنیانەبوون لە دەسپێڕاگەیشتنی ناوبراو بە چالاکانی سەربەخۆی کۆمەڵگەی مەدەنی داوایان لە ئەلنەشیف کردبوو کە سەفەرەی خۆی دوا بخات.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و بەندکراوان، نووسەران و ڕووناکبیران و کەسایەتییە جیاوازەکان داوایان لە ندا ئەلنەشیف کردبوو تاکوو سەردانەکەی بۆ ئێران هەڵوەشێنێتەوە.

 

ئەم کەسانە هۆشدارییان دابوو کە ڕێژیمی ئیسلامی دەیهەوێت لەم سەردانەوە وەکوو ئامرازێک بەتایبەت پێش لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەڵک وەربگرێت.