وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەمریکا گرووپی مقاومەتی ئیسلامیی عێراق بە بەرپرسیاری هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانیان لە ئۆردۆن کە بووە هۆی کوشتنی سێ سەرباز و برینداربوونی ٤٠ کەسی دیکە، زانی.
جان کێربی وتی: کاردانەوەمان بەم هێرشانە چەند قۆناغی دەبێت و هێرشەکان بۆ سەر چەند شوێن دەبێت و هاوپەیمانەکانمان لەم هێرشانەدا بەشدار دەبن.
کێربی لە وڵامی ئەو ڕخنەگرانەی وا وتوویانە ئەمریکا لەهەمبەر کوشتنی سەربازەکانی کاردانەوەی نەبووە وتی: ئەوەی کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمیردا کاردانەوەمان نەبووە بەو مانایە نییە کە هیچ هێرشێک ناکەین.
بەپێی ڕاپۆرتی پێنتاگۆن سێ سەربازی ئەمریکا لە هێرشە درۆنییەکەی یەکشەممەی ڕابردوو بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئۆردۆن کوژرا و زیاتر لە ٨٠ سەرباز لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا لە هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بریندار بوون.
بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڵێنی داوە کە تۆڵەی کوشتنی سەربازەکانیان لە بەرپرسیارانی ئەو هێرشە دەکەنەوە.
گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای پشتیوانیکراو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕادەگرێت، بەڵام کۆشکی سپی لەبەرامبەردا ڕایگەیاند کە هیچ شتێک ناتوانێت پێش بە هێرشەکانی ئەمریکا لە کاردانەوە بەو هێرشانە بگرێت.