کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران

12:18 - 17 رێبەندان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی موخابرات، کرێکارانی دەرکراوی وێستگەی کارەبای بەنداوی دز، کرێکارانی سەرچاوە سروشتییەکانی فارس، کرێکارانی نیرووگای سەهەندی بۆناب، برینداران و بەدیلگیراوانی شەڕی ئێران و عێراق، و شۆفێر تاکسییەکانی مەشهەد کۆ بوونەوە و لەهەمبەر گرنگینەدان بە داواکارییەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی.

بەپێی وێنەو و ویدیۆ بڵاوکراوەکان لە سۆشیاڵ میدیا، ڕۆژی دووشەممە ١٦ ڕێبەندان، خانەنشینکراوانی موخابرات لە شارە جیاجیاکانی ئیران، وەک هەفتەکانی پێشوو بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی ئایینامەکانی دامەزراندن و پێشێلکرانی مافەکانیان کۆ بوونەوە.

ئەم کۆبوونەوانە لە بەردەم بیناکانی موخابرات لە شارە جیاجیاکان، لەوانە سنە، کرماشان، مەریوان، ورمێ، قوروە، تاران، بەندەرعەباس، ڕەشت، کرمان، ئەردەبێڵ، تەورێز، ئەهواز و ئەراک بەڕێوە چوون.

هاوکات خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی شووش و ئەهواز بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیان و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی.

کۆمەڵێک لە برینداربووانی شەڕی ئێران و عێراق بە نیشانەی ناڕەزایەتییەک بە خراپیی بارودۆخی ژیانیان، لە بەردەم بیناکانی بونیادی شەهیدی ڕێژیم کۆ بوونەوە.

بەپێی ئەو ویدیۆیانە، شۆفێر تاکسییەکانیش لە شاری مەشهەد بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بارودۆخی خراپی ژیان و گرینگینەدانی بەرپرسان بە داواکارییەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.