کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو تێرۆریستی ئێرانی ساڵی ٢٠٢٢ دیپۆرتی ئێران کراونەتەوە

12:44 - 17 رێبەندان 2723

مێهدی ڕەمەزانی و فریشتە سانعی فەرد، ساڵی ٢٠٢١، بە تاوانی هەوڵی تێرۆری چەند کەس لە وڵاتی سوید دەسبەسەر کران و دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢دا دیپۆرتی ئێران کرانەوە.

ئەم دوو کەسە هەوڵی تێرۆری چەند کەس لەوانە سێ چالاکی جوولەکە لە وڵاتی سویدیان دابوو کە یەکێکیان “ئارۆن ڤەرشتێندیگ” سەرۆکی ناوەندی جوولەکەکانی سوید بوو.

ئەم دوو کەسە بە ناوی پەناخوازی ئەفغانستانی چووبوونە سوید و پێش لە جێبەجێکرانی هەوڵە تێرۆریستییەکەیان لەلایەن پۆلیسی نهێنیی سویدە دەسبەسەر و دواتر دیپۆرتی ئێران کرانەوە.

ڕادیۆی سوید لە بەرنامەیەکی بەڵگەنامەیی چواربەشەدا کە ئەم هەواڵە تەنیا بەشی یەکەمیەتی  بە وردی باسی لەم بەسەرهاتە و هەندێ ڕووداوی هاوچەشنی تری پێوەندیدار لەگەڵ چالاکییە هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوید کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پێشتریش "عەبدولڕەحمان بەنی هاشمی" کە مۆرەیەکی گرینگی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بوو و خەریکی سەرپەرستیکردنی ڕایەڵەیەکی مەترسیداری سیخوڕی و تیرۆر لە سوید بوو دیپۆرتی ئێران کرایەوە کە دواتر پاش گەڕانەوە بۆ ئورووپا، لە وڵاتی ئاڵمان سەرپەرستیی تیرۆری د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کرد و خۆی گەیاندەوە ئێران.