کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێکی کورد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ژنی میدیایی ساڵ لە هولەند کاندید کراوە

14:39 - 17 رێبەندان 2723

بێری شەڵماشی، سینەماکاری کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ژنی میدیایی ساڵ لە وڵاتی هولەند کاندید کراوە.

بێری شەڵماشی لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە تا ئێستا بە بەردەوامی هەوڵی داوە بە نووسین و دەرکەوتن لە میدیا جۆراوجۆرەکانی وڵاتی هولەند و وڵاتانی دیکە، پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەت پرسی ژنان لە کوردستان بوروژێنێ.

ناوبراو لە زۆربەی نووسین و دەرکەوتنە میدیاییەکانیدا ڕاشکاوانە باسی لە سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی مافخوازی کوردستان و ژنان کردووە.

بێری شەڵماشی یەکێک لە سینەماکارانی کوردە کە وێنە و بەرهەمەکانی لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکرێ و بڵاو دەبنەوە.

ئەم کچە کوردە سەبارەت بە کاندیدبوونی خۆی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ژنی میدیایی ساڵ لە وڵاتی هولەند وێڕای داواکاری بۆ بەشداریی خەڵکی هولەند و بەتایبەت هاونیشتمانییانی کورد لەم هەڵبژاردنە، ڕایگەیاند: وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەبێتە هۆی ئەوەی بە هێزێکی زیاترەوە لەم ڕێگایە بەردەوام بم و خزمەت بە خەڵکەکەم بکەم.