کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریە لە چوارچێوەی یاسای بەرگریدا بوو

14:41 - 17 رێبەندان 2723

جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە شۆرای ئەمنییەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکان بۆ سەر گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بە پێویست ناو برد و ئەم هێرشانەی لە چوارچێوەی یاسای بەرگری لە خۆ ڕاگەیاند.

ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، ڕابێرت وود، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە شۆرای ئەمنییەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ویرای ڕەتکردنەوی ئیدعاکانی ڕووسیە سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا بە فەرمانی جۆ بایدێن بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە پێویست بوون.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە بەپێی یاسا نەتەوەییەکانی ئەمریکا، پێویست بوون.

ڕابێرت وود، جەختی کردەوە کە ئەمریکا نایەوێ لەگەڵ ئێران تووشی تێکهەڵچوون ببێ، بەڵام لە بەرانبەر هەر چەشنە هێرشێکدا بەرگری لە هێزەکانی خۆی دەکات.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی ئەو هێرشانەی کە بۆ تۆڵەکردنەوە لە عێراق و سووریە کران لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر یەمەن کە ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییان لە دەریای سوور خستووتە مەترسییەوە، جیاوازییان هەیە.

لەلایەکی ترەوە، واسیڵی نێبێنزیا، باڵویزی ڕووسیە لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریە، هیچ پاساوێک هەڵناگرن.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندان، هەیئەتێکی ڕووسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دانیشتنی خێرای شۆرای ئەمنییەت سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە عێراق و سووریە کرد.