کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکان داوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی کرد

14:43 - 17 رێبەندان 2723

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی کرد.

ئەم ڕێکخراوە سێنفییە ڕایگەیاندووە کە ئەزموونی هەڵوەشانەوەی سزای لەسێداەران لە زۆربەی وڵاتەکاندا نیشانی داوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە ناتوانێ هۆکارێک بۆ زۆربوونەوەی تاوان و جینایەت بێ.

شۆرای هاواهەنگی لەم بەیاننامەیەدا وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانەکانی ئەم دوواییانە، ڕایگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدان کردەوەیەکی نامرۆڤانە، نالۆژیکی، نائەخلاقی و لە هەموو گەینگرە بەرهەمی بیری کەمینەی دەسەڵاتدارە کە وەکوو بێڕێزی بە خەڵک بە ئەژمار دێت.

ئەم شۆرایە هۆشداریی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی داوە کە لەمە زیاتر بەرەنگاری ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگە نەبێتەوە چونکە تووڕەیی، ڕقی گشتی و سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیی بە دواوە دەبێ.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە.

زیاتر لە ٤٣٠ چالاکی مەدەنی و سیاسیش، لە کاردانەوە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان، داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە ئەم سزایە ڕابگرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسن مەزڵووم، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزیی مەحکووم کرد و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە کۆتایی بە بێدەنگی خۆی لە بەرانبەر شەپۆلی سێدارەدانەکان لە ئێران بێنێ.