کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، کەڵکی لە کۆمپانیایەکی ئاڵمانی وەرگرتووە

11:16 - 18 رێبەندان 2723

میدیاکانی ئاڵمان دەستیان بە چەند بەڵگەیەک ڕاگەیشتووە کە دەریدەخات کۆمپانیای "جی ئای سی ئینترنەشناڵ" وەکوو ژێربەشی هۆڵدینگی غەدیری سەر بە سپای پاسداران، چالاکی دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی ئاڵمانی، کۆمپانیای "جی ئای سی ئینترنەشناڵ"  لە دۆسێلدۆرفی ئاڵمان، ڕۆڵی پاڵپشتی و دابینکردنی دارایی بۆ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە ئەستۆیە.

هۆڵدینگی غەدیر کە سەر بە سپای پاسدارانە لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیای جۆراوجۆر لە بوارەکانی نەوت، ماددە کیمیاییەکان و بیناسازیدا پێوەندیی هەیە.

ئەم هۆڵدینگە لەلایەن ئەمریکاوە وەک بەشێکی پێوەندیدار بە سپای پاسدارانی ڕێژیم، گەمارۆی خراوەتە سەر.

جی ئای سی ئینترنەشناڵ بەشێک لەو تۆڕە بەربڵاوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان و دریژەدان بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نێونەتەوەییەکان دایمەزراندووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠١٢ زایینیدا و بە داراییەک کە ڕاستەوخۆ لە تارانەوە چووەتە ئاڵمان، لە شاری دۆسێلدۆرفی ئەو وڵاتە دامەزراوە.

هەروەها دەرکەوتووە کە داهاتی جی ئای سی ئینتێرنەشناڵ لە ساڵەکانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ زایینی ٦٠٠ میلیۆن یۆرۆ بووە کە لە ڕێگەی بانکە متمانەپێکراوەکانەوە بۆ ئێران، گواستراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا بەرپرسانی کۆمپانیای جی ئای سی ئینترنەشناڵ، تارانیان ئاگادار کردووەتەوە کە لەلایەن دەزگا چاوەدێرییەکانی ئاڵمانەوە، بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ هۆڵدینگی غەدیری سەر بە سپای پاسداران زانراوە.

بەرپرسانی جی ئای سی ڕایانگەیاندووە کە ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ هیچ ڕێکخراوێکی دەوڵەتی پێوەندیی نییە و چالاکییەکانی بەپێی یاساکانی ئەڵمان و یەکیەتیی ئورووپایە.

جی ئای سی ئینترنەشناڵ هەوڵی داوە تاکوو لەڕێگەی دامەزراندنی چەند کۆمپانیای دیکەوە کەرەستەی پێویست و پارە بۆ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران دابین بکات.