کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان ٦ مووشەکی تریان ئاراستەی دەریای سوور کرد

12:03 - 18 رێبەندان 2723

لە درێژەی هێرشی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سووردا، ئەم گرووپە شەش مووشەکی دژە کەشتییان ئاراستەی هێڵەکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی کرد.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ ڕێبەندان، حوسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، شەش مووشەکی دژە کەشتیان ئاراستەی کەشتیوانیی نێونەتەوەیی کرد؛ هەندێک لەم مووشەکانە کەوتنە نێو ئاوەکەوە و یەکێکیشیان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە خرایە خوارەوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە ''تیم لاندەرکینگ'' نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە یەمەن دوای ئەو هێرشانە بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ کشانەوەی حوسییەکانی یەمەن، کە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، بەردەوامن.

ئەمریکا و بریتانیا لە وڵامی هێرشەکانی حوسییەکاندا، چەندین پێگەی چەکوچۆڵی ئەم گرووپەیان بوردومان کردووە.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.