کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنی بلینكێن: کۆماری ئیسلامی پشتیوانی دژبەرانی ئاشتی لە ناوچەکەیە

12:53 - 18 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ١٧ی ڕێبه‌ندان، ئانتۆنی بلینكێن له‌ كۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ شاری دۆحه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ هێزه‌ نیابه‌تییه‌كانی سه‌ر به‌ ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدەن ڕێگری‌ له‌ هه‌موو هه‌وڵەکان ‌ بۆ سەقامگیركردنی ئاشتی له‌ ناوچه‌دا بگرن.

ناوبراو ڕایگەیاند هێرشه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ لوبنانه‌وه‌، هێرش بۆ سه‌ر كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كان له‌ ده‌ریای سوور، هێرش بۆ سه‌ر ئۆردن و هێرشەکانی ١٥ی ڕەزبەر هەموویان له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپانه‌وه‌ ئەکرێن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی دارایی دەکرێن و مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێ.

بلینکێن ڕایگەیاند بە پێچەوانەی ئیدعاکانی ئەم گرووپە کە چالاکییەکانیان بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکانە، هەموو هێرشەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرکێشییەکانی ئێران و بە ئامانجی بەهێز مانەوەیانە.

هه‌روه‌ها بلینكێن ڕایگه‌یاند كه‌ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە، هەموو هەوڵێک دەدەین بەڵام لە هەر شوێنێک و هەرکاتێک هێزەکانمان مەترسییان لەسەر بێت، ئێمەش له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ ڕاده‌وه‌ستین.

ناوبراو جه‌ختی كرده‌وه‌ کە وڵامدانەوەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت و وتی: زۆر گرینگە ئەو گرووپانەی سه‌ر به‌ ڕێژیم كه‌ لەو هێرش و ئاڵۆزییانه‌ بەشدارن، پەیامەکەمان وه‌ر بگرن و هێرشەکانیان بوەستێنن.