کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزینەوەی بەڵگەی یارمەتیی ١٥٤ میلیۆن دۆلاریی ڕێژیم بۆ حەماس

14:12 - 18 رێبەندان 2723

ئیسرائیل کۆمەڵێک بەڵگەی دۆزیوەتەوە کە بەپێی ئەو بەڵگانە، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٦ ساڵدا زیاتر لە ١٥٠ میلیۆن دۆلار پارەی وەکوو یارمەتیی دارایی بە حەماس داوە.

شەوی سێشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، دانیێل هاگاری، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دەستیان بە بەڵگەگەلێک ڕاگەیشتووە کە بەپێی ئەو بەڵگانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ هەتا ٢٠٢٠ی زایینی، زیاتر لە ١٥٤ میلیۆن دۆلار پارەی بە حەماس و یەحیا سەنوار، یەکێک لە ڕێبەرانی حەماس داوە.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، جەختی کردەوە کە ئەم بوودجەیە کە لەلایەن ئێرانەوە دابین کراوە، بڕیار بووە بۆ درێژەی ئۆپەراسیۆنە ژێرزەمینییەکانی حەماس کەڵکی لێ وەربگیردرێت.

بەپێی بەڵگە بڵاوکراوەکان، ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ی زایینیدا، بە ڕیز ١٥ میلیۆن، ٤٨ میلیۆن، ٤٢ میلیۆن و ١٢ میلیۆن دۆلاری بۆ یەحیا سەنوار، لە ڕێبەرانی حەماس ناردووە.

دانیێل هاگاری، سەبارەت بە ئاسەوارە جیهانییەکانی پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆریسم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان هۆشداریی دا.

دۆزینەوەی ئەم بەڵگانە و بڵاوکردنەوەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو، ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی ڕێژیم لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە میلیشیا فەلەستینییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە مەشقیان پێ کراوە و لە بواری چەکوچۆڵەوە تەیار کراون.