کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریکردن لە دامەزرانی چالاکێکی فەرهەنگی بەهۆی پێشینەی سیاسییەوە

14:16 - 18 رێبەندان 2723

ناسر ناسری، چالاکی فەرهەنگی و وانەبێژی زمانی کوردی، خاوەنی بڕوانامەی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، سەرەڕای بەدەستهێنانی پلەی چوارەم لە تاقیکاریی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردەی پارێزگای ورمێ، لە لێژنەی دامەزراندنی پەروەردەی ئەم پارێزگایە ڕەت کراوەتەوە.

ناوبراو لە قۆناغی تەکمیل زەرفیەتی ئەم تاقیکارییەدا پلەی یەکەمی پارێزگای ورمێی بەدەست هێناوە، بەڵام لەلایەن لێژنەی دامەزراندنەوە بە هۆی هەبوونی پێشینەی سیاسی، ڕێگری لە دامەزراندنی کراوە.

ناسر ناسری، چەندین جار سەبارەت بە دەرکردنی ئەم بڕیارە نارەزایەتیی دەربڕێوە بەڵام بڕیارەکەی وەزارەتی پەورەوە و لێژنەی دامەزراندن هەر وەک خۆی ماوەتەوە.

دۆسییەی سیاسیی ئەم چالاکە فەرهەنگییە دەگەرێتەوە بۆ ١٣ ساڵ پیش ئێستا و تەنیا هۆکاری دانەمەزراندنی ناوبتاو، هەبوونی ئەم دۆسییە سیاسییە بووە.

ناسر ناسری، چالاکی فەرهەنگیی تەمەن ٣٧، ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامی دەسبەسەر کرا و سزای یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.

ناوبراو پاش ماوەیەک ئازادیی کاتی بە دانانی بارمتە،  لە ساڵی ٩١دا لە بەندیخانەی مەهاباد، سزاکەی تێپەراندووە.

ئەم چالاکە فەرهەنگییە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چالاکی لە بواری زمان و ژینگە دەیان جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە.

چالاکانی فەرهەنگی و سیاسی لە ئەگەری دەسبەسەربوونیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە، لە هەموو مافێکی کۆمەڵایەتی و شارۆمەندی بێبەری دەکرێن و ئەگەر تۆبەنامە پڕ نەکەنەوە و کارتی بەسیج وەرنەگرن ناتوانن لە شوێنە دەوڵەتییەکاندا کار بکەن، یان زۆرجاریش مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەردەگیرێتەوە.