کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دانیان بە تەیارکردنی گرووپە میلیشیاییەکاندا نا

14:18 - 18 رێبەندان 2723

نوێنەری هەمیشەیی ڕێژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تەیارکردنی گرووپە فەلەستینییەکان بە چەکوچۆڵی ئێرانی و ڕاهێنانی ئەم گرووپانەی پشتڕاست کردەوە و هاوکات ڕایگەیاند کە لە چالاکییەکانیاندا، هیچ ڕۆڵێکی نییە.

شەوی سێشەممە ١٧ی ڕێبەندان، ئەمیرسەعید ئیروانی لە وتووێژ لەگەڵ تلویزیۆنی "ئێن بی سی"، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ گرووپە فەلەستینییەکان "پەیمانی بەرگری"ی هەیە و ئەم گرووپانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە چەکوچۆڵیان بۆ دابین دەکرێ و ڕاهێنان پێ دەکرێ.

ئیروانی سەبارەت بە پشتیوانیی ڕێژیم لە گرووپە میلیشیاییەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وتی: ئێمە سەبارەت بە ڕاهێنان و بەهێزکردنی ئەم گرووپانە درێغ ناکەین و پێوەندیمان هەیە، بەڵام ئاراستەی چالاکییەکانیان بە فەرمانی ئێمە نییە.

ناوبراو هەروەها پشتیوانیی ئێران لە حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی لە دەریای سووردا ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە حوسییەکان بە شێوەی سەربەخۆ چالاکی دەکەن.

ئیدعاکانی ئەم نوێنەرەی ڕێژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە کە ئەمریکا و وڵاتە ئورووپاییەکان پیشتر ڕایانگەیاندبوو کە حوسییەکانی یەمەن لە هێرشەکانی خۆیاندا بۆ سەر دەریای سوور، کەڵکیان لە مووشەک و پەهبادی دروستکراوی ئێران وەرگرتووە.

ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانیا لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە حوسییەکانی یەمەن لە زانکۆی "زانست و تێکنۆلۆژیی دەریایی خامنەیی لە زیباکناری ڕەشت و لەژێر چاوەدێڕیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمدا، ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.