کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی لەمێژینەی حیزب لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە

22:33 - 18 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕێبەندان، کاک فەتحۆڵڵا ئەحمەدی ناسراو بە دەروێش فەتحوڵڵا، لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە ئاوایی هوویە کۆچی دوایی کرد.

کاک فەتحۆڵڵا ئەحمەدی کوڕی سۆفی عەلی، کەسایەتییەکی ڕێزدار، دڵسۆزێکی نیشتمان و ئەندامێکی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

کاک فەتحۆڵڵا لە گەڵ دەسپێکردنی تێکۆشانی حیزبەکەمان لە ناوچەی ژاوەرۆ بە سیاسەتەکان و ئامانجە ڕەواکانی شۆڕشی نەتەوایەتی گەلەکەمان ئاشنا دەبێت. دوای داگیرکرانی ناوچەکە و دەسپێکردنی خەباتی پارتیزانی، ماڵ و باخەکەی دەبێتە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی دێموکرات و خۆشی وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات تێکۆشانی دەست پێ دەکات.

کاک فەتحۆڵڵا وەک ئەندامێکی جێی باوەڕ و متمانەی هێزی پێشمەرگە و تیمە تەشکیلاتییەکانی حیزب، دەورێکی بەرچاو لە دابینکردنی ئەمنییەت و تەدارۆکاتی ئەو هێزانە بە درێژایی ساڵانی دەیەی شەست و دواتریش دەبینێت.

کاریگەریی هەستی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی کاک فەتحۆڵڵا بۆ پێشمەرگە و شۆڕشی ڕەوای نەتەوەکەی، هۆکار دەبن کە یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی بەختیار لە ساڵی ١٣٧٤دا چەکی پێشمەرگایەتیی حیزبی دێموکرات لە شان بکات.

کاک فەتحۆڵلا سەرەڕای ئەوەیکە چەندین جار لە لایەن ڕێژیمەوە تووشی ئەزیەت و ئازار و دەسبەسەرکران بووە بەڵام هەتا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.