کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەرمی هەڵبژاردن ئاو بردوویەتی

11:30 - 19 رێبەندان 2723

مەنسوور مروەتی

 هەرچی لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەممە، ڕۆژی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانی ڕەهبەری نزیک دەبینەوە، لە لایەک ڕووداوی سەیروسەمەرە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان ڕوو دەدەن و لە لایەکی دیکەشەوە خامنەیی و دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی هەم ترسی زیاتر دایاندەگرێ و هەم قسەی هەلەق‌مەلەق دەکەن. ماوەیەکی زۆرە خامنەیی خۆی لە هەموو بۆنەکاندا دێتە سەر باسی هەڵبژاردن و داوا لە خەڵک دەکا کە لە هەڵبژادنەکاندا بەشداری بکەن. لە نموونەی ئەو قسە سەیروسەمەرانە ئەوە بوو کە ماوەیەک لەوەپێش و لە کاتی کوژرانی یەکێک لە بەرپرسانی سپای پاسداران لە سووریە بە ناوی ڕەزی مووسەوی، جیا لە هەندێ قسەی دژبەیەک لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە و یەک لەوانە بەڵێنیی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیلییەکان، وەزیری نێوخۆی ئێران وتی؛ "دەکرێ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن خۆی بە جۆرێک تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل بێ"!! یان ئەوەی کە "هەرکەسێک لە هەڵبژاردنەکان بەشداری نەکا، دژایەتیی ئیسلام و قوڕئانی کردووە"!! یان ئاخوندێک دەڵێ؛ "خەونم بینی قاسم سولەیمانی بەپەلە بەرەو سندووقی دەنگدان دەڕۆیی و لەوەش پێکەنیناویتر ئەوەی کە ئاخوندێک بە خەڵک دەڵێ؛ "ڕۆژی هەڵبژاردن ئیمامی زەمان لە سەر سندووقەکان چاوەڕێتانە"!!

 ئەمانە چەند نموونەیەکن لەو قسە سەیروسەمەرانە کە لە لایەک پێکەنیناوی و گاڵتەجاڕانەیە و لە لایەک نیشانەی ئەوپەڕی داماوی و نەبوونی ئیستدلالێکی وەها کە بتوانن خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان هان بدەن. ئاخر لەم وڵاتە بەڵالێدراوەدا بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە لە هیچ ڕوویەکەوە کارێکی وایان نە بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک و نە بۆ پێشوەچوونی وڵاتەکە نەکردووە کە ئەوانە بکەنە نێوئاخنی قسەکانیان و بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، پشتی پێ ببەستن. کەواتە بەو حاڵەوە و بەو کاولکاریانەوە کە پاشی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتداری لە ژیانی خەڵک و وڵاتدا کردوویانە، کەی بە قسەی هەلەق‌مەلەق دەتوانن خەڵک بانگهێشتی سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن بکەن. دەسەڵاتدارانی ڕێژیم باش ئاگاداری وشیاری سیاسیی خەڵکن و باشیش دەزانن کە جگە لە هێزی سەرکوت هیچ جۆرە هێز و نفووزێکی کۆمەڵایەتییان لە نێو خەڵکدا نییە و ئەگەر هێزی سەرکوتی دڕندانەیان نەبایە، لە مێژە لافاوی ڕق و توڕەیی خەڵک ئەوانی خستبووە لاوە، جا ئیتر ئەم قسە سەیروسەمەرانە چ کەلێنێکیان بۆ دەگرێ مەگەر هەر خۆیان بزانن.

جیا لە هاندان بەو شێوازانەی کە باسمان کرد، هەندێ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەستیان کردووە بە هەڕەشە لە خەڵک و دەیانهەوێ بەهەڕەشە و گوڕەشە خەڵک ناچار بە دەنگدان بکەن، وەک بڵێی لە هاندان زۆریان تێر خواردووە و ئێستا نۆرەی هەڕەشەیە. لەم بارەوە دەکرێ ئاماژە بە قسەکانی محەممەد حوسەینی، جێگری پارلمانیی سەرکۆمار بکرێ کە دەڵێ، "لە هەندێ وڵاتی وەکوو تورکیە خەڵک ئەگەر بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن، سزا دەدرێن و لە هەندێ مافی کۆمەڵایەتییش بێبەش دەکرێن"!! یان دەڵێ، "هەروا کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی خەڵک بووە، دەبێ خەڵکیش پشتیوانی نیزام بن و دەبێ خەڵک بۆ پاراستنی نیزام بێنە مەیدان."

جارێ لە پێشدا ئەم جێگرەی برایمی ڕەئیسی دەبێ لە جیاتی هەڕەشە و گوڕەشە، شەرم لەو درۆ و دەلەسانە بکا کە دەیانکا. ئاخر لە کوێی دنیا – جیا لە ئێرانێک کە ئەمڕۆ ئەوان بۆ خەڵکیان کردۆتە زیندانێکی گەورە - خەڵک لە سەر بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن سزا دراون؟! بە تایبەتی لە وڵاتێکی وەکوو تورکیە کە بەنموونەی هێناوەتەوە. بە پێچەوانەی قسەکانی محەممەدی حوسەینی، خەڵک ئازادن لەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن یان نایکەن. ئیتر لە کوێ دیتراوە کە خەڵک لە سەر بەشدارینەکردن سزا درابێتن و لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەش کرابێتن.

 بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەبێ باش لەوە تێگەییشتبێتن کە ئەم سەردەمە، سەردەمی تەقینەوەی زانیارییەکانە و بەهۆی تێکنۆلۆژی و دنیای بەربڵاوی ئینترنێتەوە خەڵک ئاگاداری ڕووداوەکانی چوار سووچی گۆی زەوین. وانیە کە بتوانن بە هەڕەشە و گوڕەشە و درۆ و دەلەسە خەڵک ناچار بە هاتنە سەر سندووقی دەنگدان بکەن. جیا لەوە خەڵکێک کە لە دەوڵەمەنترین وڵاتی سەر گۆی زەوی، بەڵام لە سایەی سەری دەسەڵاتێکی دز و گەندەڵ و دیکتاتۆرییەکی مرۆڤکوژ بەشیان بووەتە هەژاری و نەداری و بێکاری و دەیان و سەدان چەرمەسەری و قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری، و هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بە گرتن و لێدان و زیندان و لە سێدراەدان جواب دەدرێتەوە، کوا و لەکوێ هەستیان بە پشتیوانیی نیزام کردووە کە ئێستا دەبێ ئەمانیش لە خەمی پشتیوانی لە نیزامدا بن. بۆ مەگەر هێشتا خوێنی کیژ و کوڕانی کوژراوی ئەم یەکساڵەی ڕابردوو بە شەقامەکانەوە وشک بووەتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم هەڕەشەی بەشداریکردن لە خەڵک دەکەن!؟ کاری ئەم ڕێژیمە گەییشتووەتە جێگایەک کە خەڵک تەنانەت بە دۆڕانی تیمی فوتباڵەکەشی شاد وخۆشحاڵن، ئیتر چ جای ئەوەی کە بە هەڕەشە و گوڕەشە و بە قسەی هەلەق‌مەلەق و گاڵتەجاڕانەی بەرپرسانی ڕێژیم بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممەدا بکەن.

بێگومان هەروا کە خەڵک لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە هاتنە سەرشەقام و نیشاندانی ناڕەزایەتییان لەم ڕێژیمە، نامەشرووع بوونی ڕێژیمیان بە دنیا نیشان دا، ئەمجارەیان بە بایکوت کردنی هەڵبژاردنەکان و نەچوونە سەر سندووق، جارێکی دیکە و بە ڕێژەیەکی زیاترەوە پێداگری لەسەر ئەو نامەشرووع بوونەی دەکەنەوە.