کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل مەرجی ئاگربەستی ١٣٥ ڕۆژەی حەماسی ڕەت کردەوە

11:48 - 19 رێبەندان 2723

نێتانیاهۆ وێڕای ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی حەماس بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، قەبووڵکردنی ئەم مەرجانەی بە خولقاندنی بەستێنێک بۆ کوشتاری زیاتر لەلایەن حەماسەوە ناو برد.

بێنیامین نێتانیاهۆ، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئناتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داواکارییەکانی حەماسی ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە بۆ ئیسرائیل، بژاردەیەکی دیکە جگە لە لەناوچوونی حەماس نییە.

بلینکێن مەرجەکانی حەماسی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە نەگونجاو ناو برد و ڕایگەیاند کە هێشتا دەرفەت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز سەبارەت بە وڵامی حەماس بە گەڵاڵەی پێشنیاریی قەتەر و میسر بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەندێ وردەکاریی بڵاو کردووەتەوە و باسی لە پێشنیارێکی سێ قۆناغی لەلایەن حەماسەوە کردووە.

حەماس پێشنیاری ئاگربەستێکی چوار مانگ و نیوی و ئازادکردنی هەموو دیلەکانی لە بەرانبەر چوونەدەرەوەی هەموو هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە داوە.

لەم گەلاڵە پێشنیارکراوەدا، باس لەوە کراوە کە لە ماوەی ئاگربەستەکە و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئیسرائیلدا، لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕەکەش ڕێککەوتن دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە هەتا حەماس کۆتایی پێ نەیەت، هیزەکانی خۆی لە غەززە ناباتە دەرەوە.