کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گۆشت و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک بەرز بووەتەوە

12:09 - 19 رێبەندان 2723

ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە گۆڕانکاریی نرخی خۆراک لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢دا دەریدەخات کە، نرخی گۆشتی سوور و سپی، بەرهەمە گۆشتییەکان و جۆرەکانی میوە و هەروەها شیری وشک لە ئێران لە یەک مانگدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە .

بەپێی ئەم ئامارانە، گۆشتی مەڕ بە ڕێژەی ١٠.٩ لەسەد، گۆشتی مانگا بە ڕێژەی ٣.٩ لەسەد و کۆنسێرڤی ماسی بە ڕێژەی ٣.١ لەسەد، بەرزترین ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخیان بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕابردوو هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەردەکەوێت کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو، شووتی بە ڕێژەی ١٧.٢لەسەد، هەنار بە ڕێژەی ١٣.٩ لەسەد و شیری وشک بە ڕێژەی ٧.٨ لەسەد گرانتر بووە.

شایەنی باسە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران زیاتر لە سێ دەیەیە کە کێشەی سەرەکیی ئابووریی ئێران بە ئەژمار دێت.

ئەوە لەکاتێکدایە کە، ئیبراهیم ڕەئیسی دووساڵ لەمەوبەر لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا ڕایگەیاند، ئەگەر ببێتە سەرۆککۆمار، ڕێژەی هەڵاوسان بۆ نیوە کەم دەکاتەوە.

گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان و لەلایەکی تریشەوە بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری وای کردووە کە زۆربەی خەڵک توانایی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان نەبێ، بەرپرسانی ڕێژیمیش بە بێ گرینگیدان بەم بابەتە بە دزی و گەندەڵیی ئابووری، سامانی نەتەوەیی خەڵک بە تاڵان دەبەن.