کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوکراین ١١ پەهبادی شاهێدی ڕێژیمی ئێرانی خستە خوارەوە

12:18 - 19 رێبەندان 2723

هێزی ئاسمانیی ئوکراین ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندان ڕایگەیاند، لە هێرشێکی پەهبادیی ڕووسیە بۆ سەر وڵاتەکەیان، ١١ پەهبادی شاهێدی خستووەتە خوارەوە.

هێزی ئاسمانیی ئوکراین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە هێرشی پەهبادیی ڕووسیە کە بە پەهبادی شاهێدی دروستکراوی ئێران ئەنجام دراوە، هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی ئۆدێسا و میکۆلایڤ و لە ئاکامدا خانووی خەڵک و چەند بینای بازرگانی و ژێرخانە مەدەنییەکان لەو دوو ناوچەدا زیانیان بەرکەوتووە.

هێرشەکان لە ڕێگەی ١٧ پەهبادی شاهێدەوە ئەنجام دراون کە هێزی ئاسمانیی ئوکراین ١١ پەهبادی خستووەتە خوارەوە.

ڤێلادیمێر زێلێنێسکی سەرۆککۆماری ئوکراین لە پێوەندی لەگەڵ هێرشە پەهبادییەکان فەرمانی داوە تاکوو لقێکی تایبەت بە پەهبادەکان لە هێزە چەکدارەکانی ئوکراین دابمەرزێت.

بەپێی ڕاپۆرتی مانگی ڕابردووی سکای نیوز، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جۆرێکی نوێی لە پەهبادە هێرشبەرەکان بۆ ڕووسیە ساز کردووە تا لە شەڕی ئوکراین بەکاری بێنێت و هەروەها سەبارەت بە فرۆشتنی مووشەکی زەوی بە زەوی خەریکی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیەیە.

 لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دروستکردنی ئەو پەهبادە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژیمی ئیسلامی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پشتیوانیکردن لە ڕووسیە و بەرژەوەندییەکانی لە شەڕی ئوکرایندا هەیە.