کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ١٠ منداڵی تووشبوو بە ئێم ئێس ئەی لە یەک مانگدا بە هۆی نەبوونی دەرمان

12:42 - 17 رەشەمه 2723

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ١٠ منداڵی گیرۆدە بە نەخۆشیی ئێس ئێم ئەی بە هۆی نەبوونی دەرمانی پێویست و خراپتربوونی دۆخیان، گیانیان لەدەست داوە.

حەفتەی ڕابردوو بنەماڵەی نەخۆشانی ئێس ئێم ئەی بە ماوەی ٣ ڕۆژ لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری دابینکردنی دەرمان بۆ منداڵانیان بوون.

بەپێی سەرچاوەکان وەزارەتی تەندروستی وڵامی بنەماڵەکانی نەداوەتەوە و بە ناچار چوونەتە بەردەم دامەزراوەی سەرۆککۆماری کۆبوونەوەکەیان بەڕێوە بردووە.

پاش چەند ڕۆژ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، دامەزراوەی سەرۆککۆماری بە بنەماڵەی نەخۆشانی ڕاگەیاندووە کە وەزارەتی تەندروستی پێشتر ڕایگەیاندووە کە ئەو دەرمانانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و بۆیە ئیتر بڵاو نەکراونەتەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بە وتەی بنەماڵەی نەخۆشان دەرمانەکان کاریگەریی زۆر باشیان هەبووە و وەزارەتی تەندروستی درۆ دەکات.

 بەوتەی ڕامەک حەیدەری بەڕێوبەری ئەنجومەنی دیستڕۆفیی ئێران پاش چەند ڕۆژ کۆبوونەوە و وتووێژ و دانیشتنی بنەماڵەکان لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆککۆماری، بنەماڵەی نەخۆشان نەیانتوانیوە بەو دامەزراوەیە بسەلمێنن کە وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە کاریگەرنەبوونی دەرمانەکان درۆ دەکات.

حەیدەری لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە دوکتور یوونس پەناهی جێگری لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە نامەیەکدا بە دامەزراوەی سەرۆککۆماری ڕاگەیاندووە کە دەرمانەکان هیچ کاریگەرییەکی لە سەر نەخۆشەکان نەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بنەماڵەی نەخۆشەکان ڕایانگەیاندبوو کە دەرمانەکان کاریگەر بوون و دۆخی منداڵەکانیان ڕوو لە باشی بووە.

حەیدەری سەبارەت بە نامەکەی پەناهی بۆ دامەزراوەی سەرۆککۆماری زیادی کردووە ئەم بابەتە دەبوو کە لە کۆمیتەی زانستییەوە ڕەت کرابایەوە و ئەوان ڕایانگەیانبایە کە دەرمانەکان کاریگەر نین، لەحاڵێکدا کە تەنانەت پزیشکەکانیش کاریگەریی دەرمانەکانیان پشتڕاست کردبووەوە و هیچکەس لەگەڵ پەناهی هاوڕا نەبووە.

بە وتەی حەیدەری نامەکە لە ڕێزی نامە نهێنییەکان بووە و تەنیا بۆ جارێک لە ڕووی لەبتاپەوە نیشانی بنەماڵەکان دراوە و ڕێگەیان نەداوە وێنەی لێ هەڵبگرن.

حەیدەری قسەی بنەماڵەکانی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پاش ئەوەی کە بڵاوکردنەوەی دەرمانەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕاگیرا، ڕێژەی گیانلەدەستدانی منداڵانی گیرۆدە بە ئێس ئێم ئەی زۆر زیادی کردووە.

دابیننەکردنی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان لەلایەن ڕێژیمەوە لەکاتێکدایە کە ساڵانە جگە لە میلیاردها دۆلار بوودجە بۆ بڵاوکردنەوەی ئیدۆلۆژی ڕێژیم و تێچووی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە و جیهاندا، بە میلیاردها دۆلار دزی و گەندەڵی لە سامانی گشتیی خەڵکی ئێران دەکرێت و ڕێژیم ئامادە نییە کەمترین تێچوو بۆ ئەم بابەتانە تەرخان بکات کە لە خراپترین وڵاتەکانی جیهانشدا بە خۆڕایی دەخرێتە خزمەتی خەڵکەوە.