کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین پەنابەر لە ڕێگەی کۆچکردنی نائاسایی گیانیان لەدەست داوە

12:51 - 17 رەشەمه 2723

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە ساڵی رابردوودا لانیکەم ٨ هەزار و ٥٦٥ کەس لە ڕێگە نائاساییەکانی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات گیانیان لە دەست داوە و ساڵی ٢٠٢٣ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢ ئەو ڕێژەیە ٢٠ لەسەد زیادی کردووە .

ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە ڕێکۆردی زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدانی خەڵک بۆ ساڵی ٢٠١٦ بووە کە ٨ هەزار و ٨٤ کەس لە ساڵێکدا گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی سنوورداربوونی ڕێگاکانی کۆچبەری ئەمن، ساڵانە سەدان هەزار کەس هەوڵی کۆچکردن لە ڕێگە و ڕێڕەوی نایاسایی و ناپارێزراو دەدەن.

دەریای نێوەڕاست کە ڕێگای سەرەکیی کۆچکردن لە باکووری ئەفریقاوە بۆ باشووری ئورووپایە، تا ئێستا مەترسیدارترین ڕێگایە و لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم سێ هەزار و ١٢٩ حاڵەتی مردن و دیارنەمان لەو ڕێگایە تۆمار کراوە و تەنیا لە یەک ڕووداودا لە دەریای نێوەڕاست لە ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٦٠٠ کۆچبەر لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان نوقم بوون و گیانیان لەدەست دا.

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ساڵی ڕابردوو گیانیان لەدەست داوە گەیشتە ژمارەیەکی بێ وێنە و تا ئێستا هەزار و ٨٦٦ کەس لە ئەفریقا و دوو هەزار و ١٣٨ کەس لە ئاسیا کوژراون یان بێسەروشوێن بوون.

ویگوچی دانیێڵز، جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕاگەیاند بەپێی ئاماری "پرۆژەی کۆچبەرانی ونبوو" لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا، تەرمی ٢٦ هەزار و ٥٥٣ کەس کە لە کاتی کۆچکردندا گیانیان لەدەست داوە نەدۆزراوەتەوە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ داوای لە سەرجەم حکوومەتەکانی جیهان کرد کە پێکەوە کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە گیانلەدەستدانی زیاتر و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانی هەموو مرۆڤەکان بۆ بە دەستهێنانی ژیانێکی باشتر.