کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی و مامۆستای زانکۆ داوای دەرکردنی حوسێن مووسەویان لە زانکۆی پرینستۆنیان کرد

13:28 - 17 رەشەمه 2723

کۆمەڵێک لە چالاکان و زیندانییانی پێشووی سیاسی، چالاکانی مافی مرۆڤ و مامۆستایانی زانکۆ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، داوای دەرکردنی حوسێن مووسەویان، دیپلۆماتکار و یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی ڕیژیمی ئێران لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکایان کرد.

ئەم گرووپە لەژێر ناوی "یەکیەتیی دژ بە داکۆکیکارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لە بەیاننامەکەیدا دەڵێ: ڕابردووی تاریکی مووسەویان و پێوەندیی بە تیرۆری دەوڵەتی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پێویستی بە هەنگاوی یەکلاکەرەوە لە زانکۆی پرینستۆن هەیە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، گرینگیدان بەو ڕاستییە پێویستە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێرانی وەک پشتیوانی تێرۆر ناساندووە و ئەمەش بەپەلە بوونی داواکاریی ئێمە بۆ وەڵامدانەوە و هەنگاو هەڵگرتن زیاتر دەکات.

لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە مووسەویان وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی تاران تایمز، ڕۆڵی سەرەکیی لە ئاسانکاریی دەزگای تەبلیغی ڕێژیم و یارمەتیدان بۆ پەردەپۆشکردن و نکۆڵیکردن لە تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەردەمی خۆیدا گێڕاوە.

واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە ئاماژەیان بەوە کردووە کە مێژووەی پڕوپاگەندە و هاودەستیی ناوبراو لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا، لەسەر کاریگەرییە ئەخلاقییە قووڵەکانی پێوەندییەکانی موسەویان لەگەڵ زانکۆی پرینستۆن جەخت دەکاتەوە و سێبەرێکی تاریک دەخاتە سەر ناوبانگ و متمانەی ئەم زانکۆیە".

لە درێژەدا باس لەوە کراوە کە لەو حەوت ساڵەی کە مووسەویان وەک باڵوێزی ڕێژیمی ئێران کاری کردووە، زیاتر لە ٢٣ کەس لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشە تیرۆریستییەکان لە خاکی ئورووپادا کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕێکخرابوو، لەوانە ڕێبەرانی کورد لە ڤییەن و ڕیستۆرانی میکۆنۆس لە بێرلین، تێرۆرکران. ئەم کردەوە قێزەونانە جەخت لەسەر دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی تێوەگلانی مووسەویان لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئێران و ڕۆڵی ناوبراو لە ڕێکخستنی توندوتیژی دژی خەڵکی  بێتاوان دەکەنەوە.

بە وتەی ئەو گرووپە، بەردەوامی هەبوونی سەید حوسێن مووسەویان لە زانکۆدا بەرگریی لێ ناکرێت و لەگەڵ پێوەرە زانستییەکان و مافەکانی مرۆڤ ناگونجێت کە زانکۆی پرینستۆن ئیدعای پشتیوانیکردنی دەکات.

ئەم بەیاننامەیە بۆچوون و ئەزموون و تێڕوانینی کەسیی کەسانی وەک پەرویز دەستماڵچی، گوڵاڵە شەرەفکەندی، دوکتورنەرگس ئەسکەندەری، دوکتور مەجید محەممەدی، دکتۆر فەرهاد کەیوان، مینا ئەحەدی، بێهروز ئەسەدی و لادەن بازرگان لەخۆ دەگرێت.

ئەم بەیاننامە لەحاڵێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە ماوەیەک لەمەوپێش ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی ڕۆڵی حوسێن مووسەویان لە زانکۆی پرینستۆن دەست پێکرد و ئەو گومانی لەسەر کە هەوڵی پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئەمریکا بدات.

بە مەبەستی یارمەتیگەیاندن بە کەمپەینی دەرکردنی مووسەویان لە زانکۆی پرینستۆن، لەسەر ئەم لینکە کلیک بکەن و واژۆی بکەن.