کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی کەمپەینی یەکدڵ لە کوردستانەوە بۆ بەلووچستان بۆ هاوکاریی خەڵکی لێقەوماوی بەلووچستان

14:53 - 17 رەشەمه 2723

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان و یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان، لە درێژەی ئەرک و چالاکییەکانی کەمپەینی زاگرۆس وەک ئەرکێکی مرۆیی و هاوسۆزانە لەگەڵ هاووڵاتییانی بەلووچ، بڕیاری ڕاگەیاندنی کەمپەینی "یەکدڵ، لە کوردستانەوە تا بەلووچستان"یان داوە تاکوو لەم ڕێگایەوە و هاوشێوەی کەمپەینەکانی یارمەتی بۆ شەنگال، سەرپێڵی‌زەهاو و لوڕستان، ئەم جارەش بە هیممەتی دڵسۆزانە و کوردانەی خۆیان، بە هانای خەڵکی بەلووچستانەوە بڕۆن.

ڕێکخراوەمەدەنییەکانی شاری مەریوان و یەکیەتی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان  هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی ڕاگەیاندنی کەمپەینەکەیان، پەیوەندیی لێژنەی کۆکردنەوەی یارمەتیی بە ناوچە لافاولێدراوەکان لەمەڕ چۆنیەتیی یارمەتییدان ڕاگەیاندووە و هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە بە هۆی دووریی مەودای مەریوان تا بەلووچستان و بەهۆی داخوازیی خەڵکی لافاولێدراوەوە، کۆکردنەوەی یارمەتی، تەنیا بە شێوەی نەختی و گواستنەوەی پارە بە ژمارە حەسێبی مزگەوتی مەکیی زاهێدانەوە دەبێ.

ماوەیەکە بەهۆی لافاوەوە، خەڵکی لێقەوماوی باشووری بەلووچستان، تووشی چەرمەسەری و ماڵوێرانییەکی چاوەڕوانکراو بوونەتەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە میدیا و تۆڕەک ۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە تاکوو ئێستا بەرپرسانی ناوچەیی و ناوەندیی دەسەڵات بە هانای ئەو خەڵکە بێدەرتان و لێقەوماوەوە نەڕۆیشتوون و هەر بەم هۆیەوە، دۆخێکی دڵتەزێن و نەشیاوی ئینسانی ئەو ناوچەیەی گرتوەتەوە.

شێوازی بەڕێوەبەرایەتیی دەسەڵاتی ناوەندگەرا و کۆبوونەوەی هەموو جومگەکانی هێز و سەرمایە لە ناوەند، خەڵکی ناوچە پەرواێزخراوەکانی کوردستان و بەلووچستانی بە درێژایی سەدساڵی ڕابردوو تووشی زۆر کێشە و چەرمەسەری کردووە و هەرئەم هاوچارەنووسییە، هاوسۆزی و پەیوەندیی دوو نەتەوەی کورد و بەلووچی، وەک دوو نەتەوەی پەراوێزخراو و زوڵملێکراو لێ کەوتوەتەوە.

خەڵكی کوردستان بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە بەرانبەر هاووڵاتییانی بەلووچ، لە رێگەی ئەم کەمپەینەوە یارمەتییەکانی خۆیان بە خەڵکی لێقەوماوی بەلووچستان دەگەیێنن.