کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
٨ی مارس، بۆنەیەکی جیهانیی تایبەت بە ژنانە کە لەودا پێگە و دەسکەوت و پێشکەوتنەکانی ژنان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا ڕێزی لێ دەگیرێ.
سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ئێران و کوردستان، دەبێ بگوترێ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، خاڵی وەرچەرخانە لە پێشکەوتنی خەباتی ژنان و پێشەنگایەتیکردنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و مافە زەوتکراوەکانیان.
بزووتنەوەی ژینا، لەگەڵ ئەوەی گۆڕانێکی قووڵی هزری و سیاسیی لە ئاستی ئێران و ڕای گشتیی جیهان و دیاسپۆرای کورد و ئێرانی پێکهێناوە، لە ڕاستیدا وشیارییەکی گشتی و دەسکەوتێکی مەزن و دەستمایەی گۆڕانکاریی فراوانترە بۆ داهاتوو.
جێی خۆیەتی وێڕای بەرزڕاگرتنی بۆنەی ٨ی مارس، ڕێز لە تێکۆشان و خەباتی سەراسەریی ژنانی ئێران بگیردرێ، بە تایبەت ژنانی پێشەنگ و شۆڕشگێڕی کوردستان کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرچەشنی خۆڕاگری و بەگژداچوونەوەی ڕێژیمی ژنکوژ و دژەمرۆڤی ئەم وڵاتە بوونە.
بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانیی ژنان!
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢
٧ی مارسی ٢٠٢٤