کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان

21:31 - 17 رەشەمه 2723

٨ی مارس ڕۆژێكی نێونەتەوەییی ژنانە كە بوو بە ڕەمزی خەباتی ژنان  بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی. ڕێزگرتن لە ٨ی مارس ڕێزگرتنە لە خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەیەک كە بە هۆی سیستەمی پیاوسالارییەوە بە سەریاندا سەپاوە. خەباتی ژنان پەیوەست نییە بە ٨ی مارسەوە، بەڵكوو ٨ی مارس بووە بە ڕەمزی خەباتی ژنان دژ بە چەوسانەوە. ٨ی مارس لە ڕۆژمێردا تەنیا ڕۆژێكە، بەڵام لە خۆیدا هەڵگری مانایەكی قووڵە و هەڵگری مێژوویەك خەباتە دژ بە چەوساندنەوە.

هەرچەندە لە سەدەی بیستەم و بە هۆی پێشكەوتنە جۆراوجۆرەكانی پیشەسازی لە جیهانی هاوچەرخدا، دەرفەت بۆ بەشداریی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی ڕەخساوە، بەڵام لە سەردەمە جۆراوجۆرەكاندا هەتا ئێستا ئەم ڕۆژە بەپێی گۆڕانكارییەكان و هەروەها پرس و بابەتە گرنگەکانی نێوخۆییی دەوڵەتان و هەلومەرجی نیودەوڵەتی وەكوو جەنگ، جیاكاری، بێبەشبوون، سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری، بووەتە هەوێنی یەكگرتوویی و سەنگەری ناڕەزایەتیدەڕبرینی ژنان لە هەمبەر ئەو ڕووداو و بارودۆخە نالەبارانە.

ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە خەبات بەردەوامن. دەتوانین بڵێین مافی ژنان ئاماژەیەكە بۆ دەستەبەركردنی ئەو ماف و ئازادییانەی كە بە یەكسانیی لەگەڵ پیاوان لە كۆمەڵگەدا هەیانە.

ئەگەر باسێک لەسەر بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەین، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی چەندە بە دڕندەیی بەرەوڕووی مافەکانی ژنان دەبێتەوە و سەرکوتیان دەکات و مافەکانیان لە هەموو بوارە سیاسی، یاسایی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکاندا پێشێل دەکات. ژنانی ژێردەستی کۆماری ئیسلامی خەڵاتە جیهانییەکانی وەکوو خەڵاتی ساخارۆف و نۆبڵ وەردەگرن، بەڵام لەبری ئەوە کۆماری ئیسلامی لە کونجی بەندیخانەکانی خۆی دەستبەسەریان دەکات. ژن بەگشتی لە ئێراندا خاوەنی هیچ مافێک نییە و هاوشێوەی وڵاتە دواکەوتووەکان بە یاسا مافەکانیان پێشێل دەکرێت، جا ئەگەر ژنی نەتەوەکانی دیکە جارێک ببنە قوربانی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، ئەوا ژنی کورد بەهۆی کوردبوونییەوە دووجار دەبێتە قوربانی و دەتوانین بڵێین لە سەرجەمی مافەکانیان بێبەشن کە سەرەتاییترینیان خوێندن بە زمانی دایکییە. سەرەڕای ئەم هەموو بێبەشکردنانە، ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەرگیز سەری بۆ کۆماری ئیسلامی شۆڕ نەکردووە و تا ئەو جێگایەی پێی کراوە بەرهەڵستی پیلانەکانی وەستاوەتەوە و زۆر بوێرانە بەرەوڕووی ئەو ڕێژیمە بووەتەوە. ئەگەر کێشەی ژنی فارس تەنیا جۆر پۆشین و جلوبەرگ بێت، ئەوا ژنی کورد بە درێژایی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێکەوە دەچەوسێنرێتەوە. جگە لەوەی بە یاسا مافەکانی پێشێل دەکرێ و ڕێگری لێ دەکرێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ماڵ کار بکات، لە هەڵبژاردنی جلوبەرگیشدا دەبێ پێبەند بێ بە یاسا دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامییەوە؛ جگە لەم بابەتانە لە بوارەکانی سیاسی و بەگشتی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسیدا، دەتوانین بڵێین بەتەواوەتی بێبەشترینە.

لە ئێرانی ژێرچەپۆکی کۆماری ئیسلامیدا، بەشداریی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەمە، چونکە ڕێژیم لە ڕێگای یاسای بنەڕەتییەوە ژنی لە هەندێ پۆستی سیاسی و ئیداری بێبەش کردووە و ئەوانی دیکەش کە لە سەدا شەش تێناپەڕن، دەبێ ئەو ژنانە بن کە داردەستی خۆیانن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ئێستادا زیاتر لە جاران لە باری ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەکانی ئێرانی خستووەتە ژێر گوشارەوە و بەگشتی هەموو نەتەوەکانی ئێران لێی ناڕازین. هەڵبژاردنی ١١ی ڕەشەممەی ئەمساڵیش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەمە کە بەپێی ڕاگەیاندنەکانی خۆیان تەنیا لە سەدا ٤١ی خەڵک دەنگیان داوە، کەواتە ئەوە پەیامێکی گرنگە بۆ کۆماری ئیسلامی.

ژنان لە شۆڕشی ژینادا زۆر بە ڕوونی بە کۆماری ئیسلامیان گوت "نا" و لەو پێناوەدا چەندین قوربانیان دا.  ئەم جارەش و لەم هەڵبژاردنانەدا دیسان پێیان گوت "نا".

ژن لە ئێران بەگشتی و لە سەرووی هەموویان ژنانی بوێری کورد، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، پێی دەڵێن "نا"، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەو "نا"یەدا بە توندترین شێوە سزایان دەدات، جا هەر لە کوشتنەوە بگرە تا زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و ....هتد.

بۆیە دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی لە سەرەمەرگدایە و ژنانیش پێشەنگی پرۆسەی لاوازکردن و لەنێوچوونی ڕێژیمن و باشترین فاکتیش بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە بزاڤی "ژن ژیان ئازادییـ"ـە.

لە بەرامبەردا و بۆ مانەوەی خۆی ڕێژیم سەرکوتی لە سەرووی هەموو کردەوەیەک خۆی داناوە و هۆکاری هەموو ئەو توندتیژیانەش کە لە ئێران لە هەمبەر ژنان و خەڵکی ئێران دەکرێ، دەگەرێتەوە بۆ دواکەوتوویی و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی کە پێبەندی هیچ یەکێک لە ڕێکەوتننامە جیهانییەکان نەبووە کە تایبەتن بە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و ژن و منداڵ بەتایبەتی.

یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ساڵانێکە خەبات لە  پێناو یەکسانی و دادپەروەریدا دەکات و خەباتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و جێپەنجەی لە بەرەوپێشچوونی ئەو خەباتەوە دیارە.

بۆیە لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی دەکات و چەپکە گوڵی سوور لەسەر مەزاری پیرۆزی ئەو خانمانە دادەنێت کە گیانی خۆیان لە پێناو ئەو خەباتەدا کردووەتە قوربانی.

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان

ژن ژیان ئازادی

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ی مارسی ۲۰۲٤ی زایینی